وەزارەتی دارایی: ئەوانەی پێش 1-7 دوو مووچەیان وەرگرتووە مووچەیەکیان رادەگیرێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتى دارایی هەرێم رێنمایی نوێی لەبارەى لێبڕینى مووچەی ئەو کەسانە دەرکرد کە دوو مووچە وەردەگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تشرینی دووهمی 2021، وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رێنماییەکى ئاڕاستەى گشت وەزارەتەکان و فەرمانگەکانى نەبەستراو بە وەزارەتەکان کرد و رایگەیاند، لێبڕینى مووچە لەو مووچەخۆرانەى کە دوو مووچەیان وەرگرتووە لەپێش 1-7-2021 لێیان وەرناگیرێتەوە، بەڵام ئەوانەى دواى ئەو بەروارە لێیان وەردەگیرێتەوە.
بەگوێرەى رێنماییەکە، هەر مووچەخۆرێک لەدواى 1-7-2021 دوو مووچەى وەرگرتبێت مووچە زیادەکەى لێ وەردەگیرێتەوە و تەنها یەک مووچە وەردەگرێت.
نووسراوەکە ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکانی وەزارەت کراوە و تێیدا هاتووە، بەپێی ماددەی 14/ یەکەم لە یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە ناوەڕۆکەکەی (جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە ئاسەواری دارایی و دادوەری لێ ناکەوێتەوە بۆ حاڵەتەکانی پێش کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەیانگرێتەوە).
بڕیارماندا بە دەرکردنی ئەو رێنماییانەی خوارەوە:
1. بڕی ئەو مووچانەی کە وەرگیراوە لەلایەن ئەو مووچەخۆرانەوە کە زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتووە پێش 1-07-2020 لێیان وەرناگیرێتەوە.
2. ئەوانەی لە دوای 1-07-2020 زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە و تەنیا ئەو مووچەیە وەردەگرێت کە خۆی هەڵی بژاردووە. هەر بڕە پارەیەکیش لە پێش ئەو بەروارە لێیان وەرگیرابێت، بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.
3. بڕی لێوەرگیرانەوەکە لە مووچەخۆر کە لە بڕگەی 2 هاتووە بە رێژەی (5/1)ی کۆی مووچەکەی [بنەڕەتی و دەرماڵە] زیاتر نەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو رێنماییە لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.

