وەزیری تەندروستی: دروستكردنی كارتی ڤاكسین نایاساییە و سزایی هەیە
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری تەندروستی رایگەیاند:" دروستكردنی كارتی ڤاكسین نایاساییە و هەر كەس و لایەنێك پەنا بەرێتە بەر دروستكردنی لەبەرامبەر برێك پارە سزای یاسایی دەدرێت". داواش لە هاوڵاتیان دەكات وەك لەماوەی رابردوودا لەلایەن چەند هاوڵاتیەكەوە ئاگادار كرانەوە كە كەسێك كارتی ڤاكسین دروست دەكات و بەهاوڵاتیانی دەفرۆشرێتەوە و هەر دیاردەیەكی لەو شێوەیان شك برد وەزارەتی تەندروستی لێ ئاگادار بكەنەوە.
ئەمڕۆ شهممه 6ی تشرینی دووهمی 2021، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" پێشتر كەسان هەبون كارتی ڤاكسینیان بەرامبەر برێك پارە بۆ هاوڵاتیان دروست دەكرد لە ئێستادا سیستمەكە جیاوازە و هیچ كەس ناتوانێت بە پارە كارتی ڤاكسین دروست بكات".
راشیگەیاند: "ئەمڕۆ دەستکرا بە پێدانی ڤاکسین بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە؛ لە هەموویان گرنگتر قوتابیانی زانکۆیە. ئەم هەڵمەتە دوابەدوای بڕیارەکان و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دێت لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بڕیاری لەبارەوە درا".
لە بەشە ناوخۆیی 18ی شووبات لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و پارێزگاری هەولێر، تیمە گەڕۆکەکان بۆ پێدانی ڤاکسین دەستبەکاربوون.
دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: "لە سنووری پارێزگای هەولێر 12 تیم دروستکراون، کە بۆ ماوەی دوو مانگ لە ناوەندەکانی خوێندن، زانکۆ و شوێنە گشتییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانەی دەرفەتیان نەبووە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، ڤاکسینەکەیان بۆ دابین بکرێت".
بەپێی دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کە رۆژی 25-10-2021 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا: ھەموو فەرمانبەرانی حکومەت بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە لە ماوەی دوو مانگدا ڤاکسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستە کارتی ڤاکسینیان ھەبێت.
مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان، هەروەها ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 1-12-2021 ڤاکسینیان وەرگرتبێت.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، دووشەممە 1-11-2021، لە بڵاوکراوەیەکدا سەبارەت بە پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا بە منداڵان رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەکانی لیژنەی زانستی و راوێژکاری پرۆگرامی کوتان کە هاوکاتە لەگەڵ راسپاردەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە رێگەی داوە پێکوتەی فایزەر-بایۆنتیک بە منداڵانی تەمەن 12 ساڵ و بۆ سەرەوە بدرێت، هاوکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ زیادکردنی بەرگریی کۆمەڵایەتیی پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆڤید 19، بڕیارماندا منداڵانی تەمەن 12 ساڵ و بۆ سەرەوە پێکوتەی کۆرۆنا لە جۆری فایزەر وەربگرن، بەڵام پێشینە بۆ ئەو منداڵانەیە کە مەترسییان لەسەرە".

