پێشمەرگە و هێزە عێراقیەكان ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دەستپێكرد
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستپێكرد.
ئەمڕۆ شهممه 6ی تشرینی دووهمی 2021، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و هێزەکانی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان دەستپێکردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە کوشافی سەروو و کوشافی خواروو بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی داعش لە ناوچانەی کە دەکەونە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکان بەڕێوەچووە.
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە بۆشاییەکی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دروستبووە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و فەرماندەکانی پێشمەرگەش نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بە پێویست دەزانن بۆ نەهێشتنی جموجووڵ و هەڕەشەکانی داعش.
09:30 خولەکی شەوی 30-10-2021 لە بەرزاییەکانی زورگەزراو لە سنووری شارۆچکەی پردێ داعش هێرشی کردەسەر پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی (خالید حەمید ھەیاس و ئاکۆ کەریم قادر) له لیوای 10ـی پیادهى سهر به وەزارەتی پێشمەرگە شەهیدبوون.

