ئەمریکا: کازمی دڵی دەوڵەتی عێراقە و بۆ پاراستنی ئێمەی لەپشتین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و بە کردەیەکی تیرۆریستی بۆ سەر دڵی دەوڵەتی عێراق ناوی دەبات.

لە راگەیێندراوێكیدا، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە چاودێری هەواڵی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەی سەر ماڵی نیشتەجێبوونی سەرۆکوەزیرانی کازمی دەکەین و هەستمان بە ئارامی کرد کاتێک زانیمان کە ئەو زیانی پێنەگەیشتووە".

پرایس وتیشی: "ئەم کردە تیرۆریستییە روونە کە ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین، راستەوخۆ ئاراستەی نێودڵی دەوڵەتی عێراقی کراوە".

لە درێژەی راگەیێندراوەکەیەدا، پرایس گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەکاندایە، کە ئەرکی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆی عێراقیان لە ئەستۆدایە و ئێمە هاوکاریمان پێشکێش بە ئەوان کردووە لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بەو هێرشە.

نێد پرایس راشیگەیاند، پابەندبوونیان بۆ عێراقییە هاوبەشەکانیان پتەو و جێگیرە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەت و گەلی عێراقدایە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021،  لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار