سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی هێرشی تیرۆركردنی كازمی ئیدانە دەكەن

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن رایانگەیاند:" پشتیوانیی خۆمان بۆ مستەفا کازمی دووپات دەکەینەوە".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاتژمێر 02:00 لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەک لە هەولێر لەبارەی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە درۆن قسەی کرد، وتی، "هەوڵێکی ترسنۆکانە دراوە بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێمە بە تووندترین شێوە ئەم هەوڵە تیرۆریستییانە سەرکۆنە دەکەین."

هاوكات قوباد تاڵەبانی لەپەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، "بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە تاوانکارییە دەکەم کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ماڵی بەڕێز مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەبەغدا بەئامانج گرت، هاوکات تەئکید لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو کارە تاوانکارییە دەکەینەوە کە پێچەوانەی هەموو پرەنسیپ و بەها ئەخلاقی و مرۆییەکانە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەروەها داوا لە هەموو لایەکیش دەکەین یەکبگرن و لە ناتەبایی دوور بکەونەوە لە بەرامبەر ئەو کارە تاوانکاریانەدا، هەروەها بەگرنگی دەزانین یەک هەڵوێست بن بۆ بەدەستهێنانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵات".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم رووداوە لەکاتێکدایە "هاوڵاتیان چاوەڕێی ئەوەبوون لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە خزمەتگوزاری و ئاسایش دابین بکات، بۆیە ئێمە داوای کۆدەنگی و وەلانانی جیاوازییەکان دەکەین لەپێناو بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بە هەموو مەزهەب و نەتەوە جیاوازییەکانییەوە".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار