نەتەوە یەکگرتووەکان: نابێت رێگەبدرێت بۆ لاوازکردنی سەقامگیری عێراق و لادان لە پڕۆسە دیموکراتییەکەی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند:" سەرکۆنەی هەوڵی کوشتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و داوای ئارامی و دانبەخۆداگرتن دەکات.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات.
لە راگەیێندراوەکەی یونامیدا هاتووە: "یونامی بە تووندترین وشە سەرکۆنەی هەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات. یونامی خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت کە سەرۆکوەزیران زیانی بەرنەکەوتووە لە هێرشە درۆنییەکەدا بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە بەغدا".
یونامی ئاماژەی بەوەکردووە کە "تیرۆریزم، تووندوتیژی کاری نایاسایی نابێت رێگەیان پێبدرێت بۆ لاوازکردنی سەقامگیری عێراق و لادان لە پڕۆسە دیموکراتییەکەی".
یۆنامی هەروەها دەڵێت: "هاودەنگیی سەرۆکوەزیرانین لە داواکاردنی ئارامیی و هاندانی دانبەخۆداگرتن. لەگەڵ ئەوەشدا یونامی بە بەهێزی هانی هەموو لایەنەکان دەدات بۆ بەرپرسیارییەتی وەرگرتن لەپێناو هێورکردنەوە و بەشداریکردن لە دیالۆگ بۆ کەمکردنەوەی گرژی سیاسی، بە پابەندبوون بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاتژمێر 02:00 لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز.

