سلێمانی; نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە شێرپەنجە دەكرێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

  هاوڵاتی

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بەئامادەبوونی وەزیری تەندروستی هەرێم و بەشێك لەبەرپرسانی دیکەی تەندروستی نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی تایبەت بە توشبووانی شێرپەنجە کرایەوە کە بەبەهای شەش ملیۆن دۆلار و لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن خێرخوازی شاری سلێمانی جەمالی حاجی عەلی دروستکراوە و نەخۆشخانەی هیواش لەسەر پشکی سندوقی شێرپەنجە بودجەیەکی تەواوکاری بۆ کڕینی بەشێک لە ئامێر و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکەی دابینکردووە کە بەگشتی بودجەی پڕۆژەکە شەش ملیۆن دۆلار  بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەموو خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی لەلایەک دابنرێن، دەتوانن بڵێن چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە و خەرجییەکانی ئەم نەخۆشییە بەتەنها نیوەی کۆی توانا تەندروستییەکانی پێویستە بۆیە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە لەم پرۆژەیەدا هاوکارییان کردوون، چونکە ئەم پڕۆژەیە لەپاڵ نەخۆشخانەکانی چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە لەسلێمانی و هەولێر هاوکارێکی باشیان دەبێت لە خزمەتکردنی زیاتری توشبووانی ئەم نەخۆشییە.

وەزیری تەندروستی هەرێم ئەوەشی خستەڕو، حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی پەرەپێدانی زیاتر بە نەخۆشخانە حکومییەکان بڕیاریداوە سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامێر و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی تەرخان بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار