لەدوای لافاوەكەی هەولێر مەسرور بارزانی قوتابخانەیەك لە گوندی كۆری دەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەک لە گوندی کۆری وتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوەدا، دوای لافاوەکەی هەفتەی رابردوو لە هەولێر بەڵێنیان داوە ئەوەی لە توانایاندا بێت ئەنجامی بدەن، دەشڵێت، "ئهمڕۆش لێرهین تا بهڵێنهكهی خۆمان جێبهجێ بكهین".
رۆژی هەینی 30-10-2021 لە چەند ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای هەولێر ر دروستبوو، دوو لەو شوێنانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوت گوندی کۆری و شاری زێڕین بوون. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای رۆژێک سەردانی ئەو ناوچانەی کرد و قسەی لەگەڵ زیانلێکەتووان کرد.
مەسرور بارزانی ئاماژە بە قسەی گەنجێک دەکات کە داوای کردووە قوتابخانەیان بۆ دروستبکرێت و دەڵێت، کاتێک سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە، "شتێك زۆر سهرنجی راكێشام، یهكێك له كوڕه گهنجهكانی دانیشتووی ئهم كۆمهڵگهیه، له جیاتی ئەوەی داوای شتێك بۆ خۆی بكات، گوتی، ئێمه قوتابخانهمان نییه، ئهگهر بكرێت قوتابخانهیهكمان بۆ بکەنەوە".
دوای لافاوەکە لیژنەیەک لە پارێزگاری ههولێر و وهزیری شارهوانی دروستکرا و زیانەکانی لافاوەکەیان بە 5.5 بۆ شەش ملیار دینار خەمڵاند. پارێزگای هەولێر رایگەیاند 500 ملیۆن دیناریان بۆ قەرەبووی زیانلێکەتووان تەرخانکردووە و حکومەتی عێراقیش سێ ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە.
مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە دەڵێت، پەیوەندیی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە داوای کردووە کە لە بودجەی فریاگوزاری بڕێک پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئەویش بەڵێنی پێداون و دواتر سێ ملیار دیناریان بۆ تەرخانکردووە.
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد لە کابینەیەی حکومەتدا زیاتر لە 50 قوتابخانە کراونەتەوە و بودجهی پێویستیش بڕیاری لهسهر دراوه بۆ دروستكردنی 23 باخچهی ساوایان و قوتابخانهی دیكه، کە به زوویی له سهرتاسهری ههموو كوردستان و پارێزگاكان و ئیداره سهربهخۆكان تهواو دەكرێن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، داوای لە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە کردووە کە بە بۆنەی نزیكبوونەوەی ساڵیادی كۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر یهكێك لهو قوتابخانانه، بهناوی فرسهت سۆفییەوە بکرێت.

