ئاسایشی نیشتمانی عێراق: هێرشەكە لەلایەن چەند گرووپێکی چەکداری تاوانكارەوە ئەنجامدراوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند:"هەوڵی کوشتنی سەرۆکوەزیران لە لایەن "چەند گرووپێکی چەکداری تاوانکار" ئەنجامدراوە، کە پێشتر زێدەڕۆییان کردەسەر دەوڵەت و سیمبولەکانی و بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە فەرماندەی گشتی و هێزەکانیان کرد.

ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو رایگەیاند: "ئەو دەستدرێژییە ترسنۆکە کە شەوی رابردوو ماڵی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کردە ئامانج بۆ کوشتنی سەرۆکوەزیران بە ئامانجکردنێکی ترسناکی دەوڵەتی عێراقە لە لایەن چەند گرووپێکی چەکداری تاوانکار، کە دانبەخۆداگرتن و پیشەگەری بەرزی هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکانمانیان بە لاوازی خوێندووەتەوە، بۆیە زێدەڕۆییان کردەسەر دەوڵەت و سیمبولەکانی و بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە فەرماندەی گشتی و هێزەکانمان کرد".

ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانی راشیگەیاند: "هێزە پاڵەوانەکانمان بەڵێنیان بە خۆیان داوە ئاسایشی عێراق و سەروەریی بپارێزن لە بەرامبەر هەر کەسێک کە رێگە بە خۆی دەدات سەرسەختی لەگەڵ دەوڵەتدا بکات، بۆیە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان رادەپەڕێنن بۆ راودوونانی دەستدرێژیکاران و رادەستکردنیان بە دادگا، وەکو چۆن لە ساڵانی سەردەمی جەنگی دژی تیرۆر کردی و بە سەریدا سەرکەوت".

ئەنجوومەنەکە لە راگەیێندراوەکەی ئاماژەی بەوەداوە کە هێزە ئەمنییەکانیان بە بەوپەڕی پێداگیری کار دەکەن بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی کە لەو "کردەوە تیرۆریستییە" تێوەگلاون بۆ دەستگیرکردنیان و رادەستکردنیان بۆ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، "جا ئەوەی کە پێیوایە دەستی هێزەکانمان پێی ناگات ئەوە بە هەڵەدا چووە، چونکە هیچ کەش لە ئاستی یاسا گەورە نییە، هیچ کەسێکیش لە ئاستی عێراق گەورە نییە، سەرکەوتن بۆ عێراق". ئەمە بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە.

ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانی عێراق پێکهاتووە لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ وەزیرانی بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری و فەرماندە ئەمنی و سەربازییە باڵاکان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاژێر 02:00 لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار