قوباد تاڵەبانی بۆ وەبەرهێنەران: ئەولەویەت بدەن بە پڕۆژەی نیشتەجێبون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قوباد تاڵەبانی رایگهیاند:" دەبێت هانی وەبەرهێنەرانی عێراق و بیانی بدرێت رووبکەنە سلێمانی لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەولەویەت بۆ كەمدەرامەتانە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی پەیوەست بە وەبەرهێنان تاوتوێی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرهێنانی کردوە و جەختی کردۆتەوە، "لەسەر کارئاسانیکردنی تەواو بۆ وەبەرهێنەران و خزمەتكردنی ھاوڵاتیان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەپێناو هاندانی زیاتری کاری وەبەرهێنان دەبێت کارئاسانی تەواو بکرێت بۆ وەبەرهێنەران و رۆتین بە تەواوەتی کەم بکرێتەوە"، ئاماژەی بەوەشداوە، پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لە ئەولەوییەتەکانمانە لەپێناو بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، هەربۆیە، ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانییە کە نەک تەنها کارئاسانی تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکەن، بەڵکو دەبێت کار بۆ ئەوەبکرێت هانی وەبەرهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و وەبەرهێنەرانی بیانیش بدرێت بۆ کاری وەبەرهێنان رووبکەنە پارێزگای سلێمانی.
قوباد تاڵەبانی بە ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی وتووە،"مەبەستمانە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەولەویەت بدرێت بەو پڕۆژانەی كە تایبەت دەبن بە چینی كەمدەرامەت، بۆیە گرنگی بدەن بەو جۆرە پڕۆژانە بۆ ئەوەی زوو بكەونەگەڕ"، ھەروەھا جەختی كردۆتەوە لەسەر گرنگیدان بە پڕۆژەكانی گەشتوگوزار و پیشەسازی و كشتوكاڵ.

