وەزیری خوێندنی باڵا نوسەری تورک ئیسماعیل بێشکچی خەڵات دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە، ئەمرۆ لە هەولێر ڕێزو پێزانین ئاراستەى کۆمەڵناس و نوسەری ناسراوى تورک ئیسماعیل بێشکچی کراوە، هاوکات زانکۆی دهۆکیش ڕاسپێردرا ئامادەکارى بکات بۆ پێدانى دکتۆراى فەخرى بە بێشکچی.
ئەمڕۆ یەکشەمە 7ی تشرینی دووەمی 2021، ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ کۆمەڵناس و نوسەری ناسراوى تورک ئیسماعیل بێشکچی کۆبۆتەوە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتە، خەبات و تێکۆشانی ئیسماعیل بێشکچی لە داکۆکیکردن لە گەلی کوردستان و دۆزی ڕەوای کورد بەرز نرخێندراوە، بۆ ئەمەش ئاماژە بە هەڵوێست و نوسین و بەرهەمەکانی بێشکچی کراوە، کە لە ڕێگەی توێژینەوەکانى بە شێوازێکی زانستی و ئەکادیمی، بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان کردوە.
هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژە بەوەکردوە، هەمو وشەیەکی نێو کار و بەرهەمە زانستییەکـان و قوربانییە مەزنەکانى بێشکچى بەرز دەنرخێنین، پاشتر وەزیری خوێندنی باڵا سەرۆکى زانکۆى دهۆکى ڕاسپاردووە ئامادەکارى پێویست ئەنجامبدەن، بۆ پێدانى دکتۆراى فەخرى بە ناوبراوو.
ئیسماعیل بێشکچی، لە 7ی کانونی دووەمی 1939، لە ناوچەی ئیسکسلیپی لە نزیک پارێزگای کۆرم-ی تورکیا لە خێزانێکی تورک و بە دین حەنەفی لەدایکبووە، کەسایەتی کۆمەڵناسی تورکە کە ماوەیەکی زۆر ژیانی تەرخانکردوە بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد لە تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەر بۆیە نازناوی "ساری ھۆجا"ی بە تورکی لێنراوە.

