ئەردۆغان؛ دەیەوێت هەسەدە پەلکێشی شەڕ بکات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تورکیا دوو سیناریۆی ئامدەکردووە بۆ رەوایی دان بە پەلکێشکردنی هەسەدە بۆ شەڕێکی نەخوازراو، سیناریۆی یەكەم ئەوەیە، توركیا رێگای ئێم 4 واتە رێگای حەلەب-لازقییە بۆ شوێنی هێزەكانی روسیاو بەشار ئەسەد دەستەبەربكات و گروپە چەكدارە سورییەكانی لەناوچە ستراتیژیەکە دەکشێنێتەوە، لەبەرامبەردا توركیا لەقۆناغی یەكەمدا هێرشدەكاتەسەر هەندێك گوندی باكوری حەلەب كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدایەو لەقۆناغی دواتریشدا هێرشدەکاتە سەر کۆبانێ.

رێزان حەدۆ وتەبێژی پێشووی هێزەكانی خۆپاراستن لەعەفرین بەتۆڕی سپۆتنیكی رووسی راگەیاند «توركیا لەقۆناغی دووەمدا هێرشدەكاتەسەر كۆبانێ، بەوەش توركیا ناوچەكانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتیی و قەڵغانی فورات بەیەكەوە دەبەستێتەوە».

باسی لەوەشکرد کە سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە ئەنقەرە پڕۆسەی بەئامانجگرتنی كەسایەتییە دیارە سەربازیی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر چڕدەكاتەوە، ئەگەرهاتوو لەبەرامبەردا هەسەدە پەرچەكرداری نواندو پەلاماری خاڵو پێگە سەربازییەكانی توركیایدا، ئەوە دەكاتە پاساو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بەهەسەدە.

ماوەی ١٠ ساڵە توركیا بە بەردەوامی دژایەتیی رۆژئاوای کوردستان دەکات، بەرپرسانی رۆژئاوا پێیانوایە کە تورکیا هەمیشە پلانی هێرشكردنیشی هەیە بۆسەریان و هەموو هەوڵە دیبلۆماسیی و سیاسییەكانیشی خستووەتەكارو ئامادەیە کە هەموو رێككەوتنێک لەگەڵ ئەمریكا و روسیا بكات تاكو دەستكەوتێك بەدەستبهێنێت دژی رۆژئاوا.

توركیا هەزاران سەربازی لە باكووری سوریا بڵاوەپێكردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هێرشێكی پێشتر هەڵپەسێردراو بۆ سەر شەڕڤانانی كورد.

ئاژانسی بلۆمبێرگ لەزاری دوو بەرپرس، كە ناوو ناسنامەیان ئاشكرانەكراوە، دەڵێت، هێرشە پلان بۆداڕێژراوەكە ئامانج لێی داخستنی یەك لەسەرسێی سنووری توركیایە لەگەڵ سوریا، كە درێژییەكەی 910 كیلۆمەترە.

دەشڵێت ئامانجی توركیا «كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانی باشووری شاری كۆبانێیە، بۆ پێكەوەبەستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لەڕۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فورات».

ئامانجێكی پێشبینیكراوی دیكە، «دەستبەسەراگرتنی بنكەی میناگی ئاسمانییە لەنزیك شاری ئەعزاز، كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایەو لەوێوە هێرش بۆسەر هێزەكانی توركیاو چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی ئەنجامدەدەدرێت»، بەرپرسەكان وا دەڵێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار