حكومەتی هەرێم زیاتر لە 300 ملیار دیناری بەڵێندەران ناداتەوە

لقی سلێمانیی یەكێتیی بەڵێندەران:

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە 300 ملیار دینارو 65 ملیۆن دۆلاریان لای حكومەتی هەرێمەو پێیان نادەنەوە، دەشڵێن:» پارەی كۆمپانیا بیانییەكان دەدەرێتەوە، بەڵام بەڵێندەرانی خۆماڵی فەرامۆش كراون».

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی سلێمانی دەڵێت:»حكومەتی هەرێم بێویژدانە تەنها پارەی كۆمپانیا بیانییەكان دەداتەوە».

ناجی شێخ عیزەدین، سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەران لقی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی  وت:» پارەمان ماوەو حەوت ساڵە هاوار دەكەین و پێ دەنێینە ساڵی هەشتەمەوە بەردەوام پێیان دەڵێن كوا پارەی پرۆژەكان كە تەواو كراون، ئەوە لەسەدا 85%ی بەڵێندەران ئیفلاسیان كردووەو گوێی پێنادەن».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد سەرەڕای ئەوەی كە سەردانی  وەزیری ئاوەدانكردنەوەو دارایی و پلاندانانی حكومەتی هەرێمیان كردووەو نووسراویان بۆ كردوون كە پارەی پرۆژەكان بدرێتەوەو لەوەڵامدا پێیان راگەیاندوون داواكارییەكانتان بەرزكراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

ناجی شێخ عیزەدین دەشڵێت:» بڕی 300 ملیار دینارمان لای حكومەت هەرێم ماوەو بەگشتی وەكو بەڵێندەرانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك هەموومانیان وێران كردووە، بەڵێندەر هەبووە ئەشیای ماڵ و سەریارەكەی فرۆشتووە تا پێی بژی، لەولاشەوە پارەی لای حكومەتەو نایداتەوە».

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو تەنها پارەی پترۆ دۆلار كە هاتووە بۆ هەرێم و بۆیان خەرج نەكراوە لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا كە 206 پرۆژەی پێكراوەو تەواوبووە هی 174 كۆمپانیایە نەدراوەتەوە.

سەرۆكی لقی یەكێتی بەڵێندەران لقی سلێمانی ئەوەشی باسكرد كەچەند جارێك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت گفتوگۆیان كردووەو داوای ئەو پارانەیان كردووەتەوە، لەوەڵامدا پێی راگەیاندوون با مووچە بدرێت.

ناجی شێخ عیزەدین داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات بەڵێندەرانی خۆماڵی فەرامۆش نەكات بەپێی خشتەیەك پارەی پرۆژەكانیان پێبدرێتەوە، وتیشی:»حكومەتی هەرێم بێ ویژدانە، پارەی كۆمپانیاو بەڵێندەرە بیانییەكان دەداتەوەو پارەی بەڵێندەرو كۆمپانیا خۆماڵییەكان ناداتەوە، ئێمەش مرۆڤین وەك بیانییەكان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار