ئێران لەگەڵ میلیشیاکان گۆشت دەخوات‌و بۆ کازمی شین دەکات

ئەگەرچی زۆربەی ئاماژەکان بۆئەوە دەچن ئێران دەستی هەبووبێت لەهێرشکردنەسەر کازمی، بەڵام تاران پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دەردەبڕێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەندێ سەرچاوە گروپەکانی نزیک لەئێران تۆمەتباردەکەن بەئەنجامدانی هێرش بۆ سەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕێگەی درۆنەوە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بەڵام بەرپرسە باڵاکانی ئێران سەرکۆنەی هێرشەکەیان کردووە.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 7-11-2021، بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەسێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەناوچەی سەوزی بەغدا کردە ئامانج، بەڵام لەو هەوڵی تیرۆرکردنە رزگاری بوو، هەروەها ژمارەیەک پاسەوانی بریندار بوون.

ئێران وەکو تۆمەتباری سەرەکی سەیردەکرێت

ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە دوو کاربەدەستی ئاسایشی عێراق و سێ سەرچاوەی نزیک لەگروپە چەکدارەکان وتوویانە بەلایەنی کەم گروپێک لەوانەی ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسن لەو هێرشەی کرایەسەر سەرۆک وەزیری عێراق.

رۆیتەزر بڵاویکردەوە ئەو دوو کاربەدەستەو سەرچاوەکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت زانیارییەکانیان ئاشکراکردووە، بەڵام هەندێک جیاوازی لەنێوان لێدوانەکانیان هەبووە.

باسی لەوە کردووە کە دوو کاربەدەستە ئەمنیەکە وتوویانە کەتائیب حزبوڵڵاو عەسائب ئەهل ئەلحەق پێکەوە هێرشەکەیان ئەنجامدابوو، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لەگروپێکی چەکدار وتوویەتی کەتائیب لەپشت هێرشەکەوەیە،  ناتوانێت پشتڕاستیبکاتەوە عەسائب دەستی تێدا هەبووبێت.

ئەم دوو گروپەی سەر بەئێران هیچ لێدوانێکیان لەم بارەیەوە نەداوە، بەڵام پێشتر کازمیان تۆمەتبارکردبوو لەپشتی ئەو شکستەی کە لەهەڵبژاردنی ١٠ی مانگی رابردوو بەریان کەوتبوو.

رۆیتەرز دەشڵێت وتەبێژی یەکێک لەو گروپانە خۆی لاداوە لەوەی قسە لەسەر هێرشەکە و ئەنجامدەرانی بکات. هەروەها حکومەتی ئێرانیش وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزی نەداوەتەوە.

هەرچەندە تائێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەهێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی رانەگەیاندووە، بەڵام گومانەکان بۆ میلیشیای عەسایب ئەهل ئەلحەق دەچن، چونکە رۆژێک پێشتر ئەمینداری گشتیی ئەو میلیشیایە هەڕەشەی لەکازمی کردبوو.

پێشتر قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسایب ئەهل ئەلحەق دوای شەڕی هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرە لایەنگرەکانی عەسایب ئەهل ئەلحەق هەڕەشەی ”وەڵامدانەوە“ی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی لایەنگرانی لەمستەفا کازمی کردبوو.

دوای راگەیاندنی دوایین ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە لە 10-10-2021 بەڕێوەچوو، بەشێک لەو گرووپانەی لەهەڵبژاردنەکەدا شکستیان خوارد، لەنزیک ناوچەی سەوزی بەغدا دەستیان بەخۆپیشاندان کردو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەیان کرد.

زۆرینەی خۆپیشاندەران لایەنگری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوون، کە ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانییەکەیان (هاوپەیمانیی فەتح) لە پەرلەمانی عێراق لە 47 کورسییەوە دابەزی بۆ 16 کورسی.

دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی 5-11-2021، خۆپیشاندەرانی بەردەم ناوچەی سەوزی بەغداو هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی یەک بوونەوە.

میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەکوژرانی خۆپیشاندەرێک و برینداربوونی 346 کەس کردو  وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش رایگەیاند: بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە 125 خۆپیشاندەرو کارمەندی ئەمنی بریندار بوون، بەڵام هیچ کەسێک نەکوژراوە.

ئێران: هاوكاری عێراق دەکەین لەدۆزینەوەی تاوانباران

سەرەڕای تۆمەتبارکردنی ئێران لە رووداوەکە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، بەڵام چەند بەرپرسێکی ئێران ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لەئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی.

سهعید خهتیب زاده وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئێران رایگهیاند، ئێران پهیوهندییهكی باشی لهگهڵ عێراق ههیه،هاوكاری عێراق دهكهن بۆئهوهی ئهمنو ئاسایش لهو وڵاته بهرقهرار بێت.

خهتیب زاده ئهوهشی روونكردهوه، چاوهڕێی دهرئهنجامی لێكۆڵینهوهكاننو ئامادهیی وڵاتهكهشی دهربڕی بۆ هاوكاریكردنی عێراق لهدۆزینهوهی ئهنجامدهرانی هێرشهكهی سهر ماڵی كازمی.

وتهكانی وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئێران لهكاتێكدایه، ئیسماعیل قائانی بهرپرسی سوپای قودسی ئێران دوای رووداوەکە سەردانی عێراقی کردو بهپێی زانیاریهكانیش چاوی بهسهرۆك وهزیرانی عێراق كهوتووهو دڵنیاییداوه كه وڵاتهكهی ئاگاداری هێرشێكی لهو شێوهیه بۆ سهر ماڵی كازمی نهبووه.

هەروەها بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، بەرەبەیانی دووشەممەی رابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بەسەردانێکی لەناکاو گەیشتووەتە بەغداو لەگەڵ سەرکردەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کۆبووەتەوە.

هەروەها ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایدەگەیەنێت، هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاژاوەیەکی نوێیە لەو وڵاتە.

عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەهەژماری تایبەتیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە «شەمخانی پێی وایە سەنتەرەکانی بیری بێگانە  بەرپرسە لەهەوڵی تیرۆرکردنی کازمی.

ئەو بەرپرسەی ئێران بەبێ ئەوەی سەرکۆنەی رووداوی هێرشکردنە سەر ماڵی کازمی بکات، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سەنتەرانە تەنیا نائارامی، ناکۆکی و ناسەقامگیرییان بۆ ”گەلی عێراقی ستەملێکراو“ هێناوەتەدی.

سیناریۆکانی دوای هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی

هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕێگهی فڕۆکەی درۆنەوە مەترسیی زۆری لەبارەی سیناریۆ گریمانکراوەکان بۆ ئایندەی عێراق دروستکردوە، بەشێوەیەک پسپۆڕان هۆشداریانداوە لەوەی، ئەگەری هەیە بەهۆی ئەو کردەوەوە عێراق رووەو بەریەککەوتنی ناوخۆیی بڕوات کە ئاکامەکەی لەسەر عێراق کارەساتاویی بێت، یان رووداوەکە بەرەو بەنێودەوڵەتیبوون بڕواتو کاریگەریی لەسەر پڕۆژەی نیشتیمانیی عێراقیی هەبێت.

د.ئەحمەد شەریفی پسپۆڕی ستراتیژیی عێراقیی بەئاژانسی سپۆتنیکی روسیی وتووە، «دوای رووداوەکەی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی عێراق لەبەردەم دوو سیناریۆدایە».

بەوتەی شەریفی، سیناریۆی یەکەم بریتییە لەوەی کە لەژێر سایەی ئەو دابەشبوونەوەی سیاسییو کۆمەڵایەتییەی بەهۆی دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە دروستبووە، عێراق رووەو بەریەککەوتنی ناوخۆیی بڕوات، هەرچی سیناریۆی دووەمیشە خۆی لەبەنێودەوڵەتییکردنی پرسەکەدا دەبینێتەوە کە بەڕای ئەو، ئەو سیناریۆیەیان زۆر گریمانکراوە.

هەروەک د.عەبدولکەریم ئەلوەزان شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقیی وتوویەتی:»هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی پێشبینیکراو بوو، جا چ لەلایەن گروپە چەکدارییە شیعییەکانەوە بێت یان لایەنی نێودەوڵەتیی بێت کە هەوڵبدات دیمەنی سیاسیی عێراقیی ئاڵۆزبکات».

ئەلوەزان بەسپۆتنیکی وتووە، «هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی ئاماژەی ئەوەیە کە ئایندە خراپتر دەبێت، بەتایبەت کە چەند وڵاتێک پشتی کازمی دەگرن، لەسەروویانەوە ئەمریکا».

پێشیوایە، «ئێستا لەگۆڕەپانەکەدا تای تەرازوی کازمی قورسەو چەند وڵاتێکی هەرێمیی پشتیوانیی سەرۆکوەزیران دەکەن، ئەمەش وادەکات پێشبینی بکرێت گورزی قورس لەمیلیشیا چەکدارییە شیعییەکانی لایەنگری ئێران بوەشێنرێت».

تائێستا هیچ لایەنێك بەفەرمی بەرپرسیاری هێرشەكەی نەگرتووەتە ئەستۆ، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش لەكاردانەوەی هێرشەكە داوای لەهەموو لایەنەكان كرد دان بەخۆیاندا بگرن.

كازمی لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنی باسی لەوە كرد، هیچ زیانێكی بەرنەكەوتووەو دۆخی تەندروستی زۆر باشەو هیچ كێشەیەكی نییەو جەختیشیكردەوە، بەردەوام دەبن لەوەی لەسەری رۆشتوون، ئەویش ئەنجامدانی چاكسازیو رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیو كاركردنە بۆ ئارامی وڵات.

هەروەها لەیەكەم كاردانەوەی ئەمریكاش، هەوڵەكەی بەهێرشێكی «تیرۆریستی» وەسف كردو رایگەیاند، دەبێت لایەنەكان كار بۆ ئارامی عێراق بكەن، نەك بۆ تێكدانی بارودۆخەكە.

هێرشەكە بەدوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر ماڵی كازمی ئەنجامدراوە، كە چەند موشەكێكی جۆری كاتیۆشا ئاراستەی ماڵەكە كراوەو بەهۆی هێرشەكانیشەوە زیانێكی زۆر بەر ماڵەكەی كەوتووە.

هاوكات دوای هێرشەكە، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر پەیوەندی بەكازمییەوە كردووەو لەتەندروستیو سەلامەتی پرسیوەو دواتریش رایگەیاندووە، ئەو هێرشە «ترسنۆكانە»یەو بەهێرشێكی «تیرۆریستی»ش وەسفی كردووە.

هەروەها دوابەدوای رووداوەکە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا یەکشەممەی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا بەتوندی هێرشەکەی سەر مستەفا کازمی سەرزەنشتکردو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کازمی پێوە نەبووە.

سەرۆکی ئەمەریکا لەبەیاننامەکەی جەختی کردەوە لەوەی دەبێت ئەنجامدەرانی هێرشەکە سزابدرێن. فەرمانیشی بە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا کرد هەموو یارمەتییەک پێشکەشی هێزەکانی ئاسایشی عێراق بکەن لە لێکۆڵینەوەکاندا تاوەکو لایەنی بەرپرس لەهێرشەکە دەستنیشان بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار