مەسرور بارزانی: بەداخەوە کۆچبەران لەلایەن چەند لایەنێکەوە هەڵخەڵەتێندراون

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بەداخەوە وادیارە ئەو کەسانە لەلایەن چەند لایەنێکەوە وەکو: نوسینگەکانی گەشتیاری، گروپەکانی بازرگانی بە مرۆڤ، هەندێک بازرگانی سیاسی و هەندێک خەڵکی دەرەوە هەڵخەڵەتێندراون".
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تشرینی دووهمی 2021، ئەو کەسانەی کە کۆچیان کردووە باسی هۆکاری جۆراوجۆریان کردووە، بەڵام مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو کەسانەی ئێرەیان هەرێمی کوردستان یان جێهێشتووە، لەژێر هیچ گوشارێکدا نەبوون، یان ئەوەی گەشتیان لێ قەدەخەکرابێت، بۆیە زۆربەی ئەو کەسانە بە ویستی خۆیان و لە رێگەی نووسینگەکانی گەشتیاری و کەناڵە فەرمییەکانی دیکەوە کۆچیان کردووە".
مەسرور بارزانی وتی: "کۆچبەرەکان دوای ئەوەی دەگەنە بێلاڕووس، چەند رۆژێک لەوێ دەمێننەوە و پاشان بەرەو سنوور ئاراستە دەکرێن بۆ ئەوەی بچنە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.. بەداخەوە دۆخەکە و کەشوهەوای ساردی ئەوێ دۆخێکی زۆر نیگەرانە، چونکە هەندێک کۆچبەر منداڵیان لەگەڵدایە، منداڵی بێتاوان کە باجی شتێک دەدەن کە وادەردەکەوێت کە یارییەکی سیاسی بێت".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ ئەوانە بکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانی وتی، "تاوەکو گەڕاندنەوەیان ئێمە داوا لە هاوبەشەکانمان دەکەین کە رێگە بە رێکخراوەکان بدەن هاوکاریی مرۆییان بکەن".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت کە "بەداخەوە" زانیاریی هەڵە دەدرێن کە بۆچی ئەو کۆچبەرانە رۆیشتوون و بۆچی لەوێن "بەڵام وەکو وتم هەموو ئەو کۆچبەرانە بە ئارەزووی خۆیان رۆیشتوون. ئەگەر سەیری کوردستان بکەین، بەرامبەر شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە، شوێنێکی زۆر ئارامە. ئێمە نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەرمان لە کوردستان هەیە کە لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکانی عێراقەوە هاتوون، چونکە لێرە هەست بە ئاسایش دەکەن. بۆیە هیچ مانای نییە ئەگەر بڵێیت ئەوان بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ئێرە جێدەهێڵن".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و نەناردنی بەشە بودجە روبەڕوی قەیرانی دارایی بووە و پاشەکەوتی 21٪ـی مووچەی راگەیاند، کە حکومەت ناوی نا "خۆگونجاندن". سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێکی کۆچبەرانیش دەڵێن "بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە کۆچیان کردووە کە ئەوە لەوانەیە راست بێت، ئەوەش تاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە. وەکو تۆ دەزانی لە ساڵی 2020 و 2021 حکومەتی عێراق بودجەی 12 مانگی نەناردووە. لە سەرەتای ئەم کابینەیەش نرخی نەوت دابەزی و کۆرۆنا زۆر بە خێرایی بڵاوبووەوە.. راستە کە ئێمە نەمانتوانیوە هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی بدەین، بەڵام هەموو مانگێک مووچەمان داوە".
لەبارەی رەخساندنی هەلی کاریش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتی، زیاتر لە 112 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە، ئەوەش لەرێگەی وەگەڕخستنەوەی پرۆژە وەستاوەکان، پرۆژەی کەرتی تایبەت و ئەوانەی لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن، گوتی، "لە راستیدا هەلی کار هەیە بۆ خەڵکی دیکە، خەڵک لە وڵاتانی تورکیا، ئێران، بەشەکانی دیکەی عێراق، ئاسیا، بەنگلادیش، فیلیپین، لوبنان و ئەفریقا دێنە ئێرە بۆ ئەوەی کار بکەن، کەواتە بۆچی ئەو کەسانە دێنە ئێرە کاریان دەست دەکەوێت، بۆ ئەم کەسانە کاریان دەستناکەوێت؟ کەواتە ئەم کەسانە بەدوای هەلێکی جیاوازی دیکەدا دەگەڕێن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند، بەشێکی ئەوانەی کە رۆیشتوون، هەزاران دۆلاریان داوەتە نووسینگەکانی گەشتیاری و کەسانی دیکە، "ئەگەر ئەوان هەزاران دۆلار بدەنە نووسینگەکانی گەشتیاری، دڵنیام کە ئەگەر بەیەکەوە کاریان بکردایە، بەوپارەیە کاری خۆیان دەبوو."
لەبارەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانیش، مەسرور بارزانی رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەین و لە راستیدا ئێستاش هەندێک هەوڵ هەن بۆ گەڕاندنەوەیان.
