سەرژمێری گشتی عێراق و هەرێم بە ئەلیكترۆنی ئەنجامدەدرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی دەزگای ناوەندی ئامار لەوەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند:" سەرژمێری گشتی دانیشتوان کە وابریارە لەکۆتایی ساڵی 2022 ئەنجامبدرێت، بەشێوەی ئەلیکترۆنی‌و بەنوێترین تەکنیک ئەنجامدەدرێت، ده‌شڵێت:"پڕۆسەکە بەتەواوەتیی لەسەر دەستی کادیرانی عێراقیی بەڕێوەدەچێت".

​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی تشرینی دووه‌می 2021، زیا کازم عەواد سەرۆکی دەزگای ناوەندی ئامار لە لێدوانێکدا بەڕۆژنامەی "سەباح"ی سەر بەحکومەتی ڕاگەیاندوە، "سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان کە ئومێد دەکرێت لەکۆتاییەکانی ساڵی 2022 ئەنجامبدرێت نوێترین ڕێگه‌ی تێدا بەکاردەهێنرێت".

سەرۆکی دەزگای ناوەندی ئامار وتویه‌تى:"بەوپێیەی جیهان شۆڕشێکی زانیاریی‌و داتایی بەخۆوە دەبینێت‌و ژمارەیەکی زۆر لەوڵاتانیش ڕویان لەسەرژمێریی تۆمارو دابەزاندنی داتاکان لەناو داتابەیسی زۆر گەورەدا کردوە، بەوشێوەیەش دەتوانین لەداهاتودا دەستبەرداری ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان بین کە خەرجیی‌و هەوڵ‌و ماندوبونێکی زۆری دەوێت".

زیا کازم عەواد ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، "ئەگەرهات‌و بەرەو ڕێکخستنی تۆمارو داتای باوەڕپێکراو ڕۆیشتین، ئەوە بەپێی ڕاسپاردەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان دەتوانرێت ئەنجامەکانی تاوەکو 10 ساڵی تریش پشتیان پێببەبەسترێت کە ئەمەش بازدانێکی جۆریی‌و تەکنیکییە لەکارکردنی دەزگاکەیاندا بەتایبەت کە لەدوای ساڵی 1997وە هیچ سەرژمێرییەک لەعێراق ئەنجامنەدراوە، بەڵام ڕوپێویی‌و چالاکییە ئامارکارییەکان بەردەوامبون‌و هەموو داتاو پێنوێنییەکی پێویستیان داوەتە دەزگا زانستی‌و زانکۆو وەزارەتەکان".

لەماوەی ڕابردوشدا عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراق  سەبارەت بەئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان ڕایگەیاند:" حکومەتی عێراق سورە لەسەربەڕێوەچونی سەرژمێریی گشتی‌و وتی:"بەدڵنیاییەوە ئەگەر پێشهاتی زۆر کاریگەر نەیەنە پێشەوە هەموو ئامادەکارییەک دەکەین بۆ ئەوەی ساڵی 2022 ساڵی جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی بێت لەعێراق".

عێراق لەنێوان ساڵانی 1927 تاوەکو 1997، هەشت سەرژمێری گشتی ئەنجامداوە، ئەوانیش لەساڵانی 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، 1997 کە ئەمەی دوایینیان بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو. لەدوایین سەرژمێریدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتە 19 ملیۆن‌و 184 هەزارو 534 کەس.

بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەساڵی 2022 دەگاتە 42 ملیۆن‌و 248 هەزارو 900 کەس، لەکاتێکدا ئەو پێشبینییانە بۆ ساڵی 2030 ئەوەیە دانیشتوانی عێراق بگاتە 51 ملیۆن‌و 211 هەزارو 700 کەس.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار