تورکیا رەتیدەكاتەوە چەکی کیمیایی بەرامبەر پەكەكە بەکارهێنابێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری بەرگریی تورکیا رەتیکردەوە بە هیچ شێوەیەک لە بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) غاز یان چەکی کیمیاییان بەکارهێنابێت.

​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی تشرینی دووه‌می 2021، خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە وەزارەتەکەی دایەوە کە یەکێک لەو بابەتانە ناردنی سەرباز بوو بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی. 

ئاکار لەوبارەیەوە رەتیکردەوە کە ئەوان داگیرکارانە چووبێتنە لیبیا و وتی، "دەستەواژەی داگیرکاری لەلایەن هێزە ئیمپریالیستەکانەوە دەگوترێتەوە، چونکە ئەوان پلانێکیان داناوە کە تەنیا خۆیان لەو وڵاتانەدا بن و کەسی دیکە نەچێتە ئەوێ. بوونی ئێمە پلانەکەی ئەوان تێکدەدات. ئێمە چۆن دەتوانین داگیرکار بین؟ تەنانەت ئەو وڵاتانەی 600-700 ساڵ لە ژێر ئیدارەی تورک ماونەتەوە ئێستا هیچ یەکێکیان بە زمانی تورکی قسەناکەن، بەڵام لە ئەفریقیا ئێستا زمانەکانی پورتوگالی، ئیسپانی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەرەنسی هەمووی قسەی پێدەکرێت".  

خوڵوسی ئاکار راشیگەیاند، ئەوەی بڵاودەکرێتەوە دەنگۆیە و تۆمەتێکە دەدرێتە پاڵ سوپای تورکیا. ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکان بەکارهێناوە. 

هەپەگە هەروەها نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە دەستخستن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی پەکەکە دەکات، بەڵام وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەی رەتکردەوە.

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، "لە نێو کۆگەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا، لە هیچ یەکەیەکی سوپای تورکیادا هەرگیزاو هەرگیز، بە هیچ شێوەیەک غاز یان چەکی کیمیایی نییە. شتی وەها نییە. نە کڕدراوە، نە هێنراوە و نە بەکاریش هێنراوە. شتی وا نییە. ئەگەر لەلایەن پسپۆرانەوە سەیری بابەتەکە بکرێت، زۆر روون و ئاشکرایە کە شتێکی وا جێی باس نییە، بەڵام بە مەبەستی لەکەدارکردنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەربازانمان ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە بە شێوەیەکی سیستماتیکی دووبارە دەکرێنەوە".  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار