300 کەس داوایان کردووە لە سنوری نێوان بێلاڕوسیا و پۆڵەندا بگەڕێندرێنەوە عێراق

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند:" 300 کەس داوایان کردووە لە سنوری نێوان بێلاڕوسیا و پۆڵەندا بگەڕێندرێنەوە عێراق.

​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی تشرینی دووه‌می 2021، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، 240 داواکاری گەڕانەوە تۆمارکراوە بۆ ئەو عێراقییانەی لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە، هاوکات 65 کەسیش داوای پاسپۆرتیان کردووە.

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەوەی وەزارەتی دارایی 200 هەزار دۆلار، یاخود 300 ملیۆن دینار تەرخان بکات بۆ وەزارەتی دەرەوە لە یەدەگی فریاگوزاریی ساڵی دارایی 2021، ئەوەش بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی کە لەو سنوورانە گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە.

رۆژی دووشەممە، دوای هەشت رۆژ مانەوەیان لە خاڵێکی سنووریی نێوان بێلاڕووس - پۆڵەندا، کۆچبەران ئەو شوێنەیان جێهێشت کە تێیدا دەمانەوە و چوونەتە بەردەم دەروازەیەکی سنووریی نێوان هەردوو وڵات بە ناوی "برۆزگی."

وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی پۆڵەندا رۆژی سێشەممە 16-11-2021 لە هەژماری خۆی لە تویتەر ڤیدیۆی هێرشی کۆچبەرەکانی بۆسەر هێزەکانیان بڵاوکردەوە کە بەشێکیان کۆچبەری کوردن و رایگەیاند، "کۆچبەران بۆمبی دەنگییان پێیە کە لەلایەن هێزەکانی بێلاڕووسەوە پێیاندراوە."

لە بەرامبەردا هێزەکانی پۆڵەندا بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوهاوێژ وەڵامی کۆچبەرانیان دایەوە.

پێشتر لە کەناڵی فەرمیی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاند: "عێراق لە 18ی ئەم مانگە گەشتێک لە بێلاڕووسەوە ئەنجامدەدات بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەرانی عێراقی کە لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە بۆ بەغدا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار