یەكێتی دوو كورسی دیكەی بەدەستهێناو پارتی دوو كورسی لەدەستدا

3 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر ئەوەی ئاشكراكرد كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەڕێگەی تۆماركردنی سكاڵا لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دوو كورسی دیكەی بەدەستهێناو پارتی دوو كورسی لەدەستدا.

رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی  وت:» لەڕێگەی ئەو سكاڵایانەی یەكێتی لە كۆمسیۆن تۆماری كردبوو دەرئەنجام دوێنێ سێشەممە دوو كاندیدی دیكەی یەكێتی دەرچوون، كەپێكهاتوون لە(رۆزێ زیاد- موسڵ، هەرێم كەمال ئاغا- هەولێر».

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ژمارەی كورسییەكانی لەپەرلەمانی عێراق گەیشتە 19 كورسی.

هەروەها وتیشی:» پارتی كە پێشتر رایگەیاندبوو 33 كورسی بەدەستهێناوە، بەو هۆیەوە كورسییەكی لەهەولێرو كورسییەكی دیكەی لەموسڵ لەدەستداو بوو بە 31 كورسی».

ئەو بەرپرسەی یەكێتی روونكردنەوەی زیاتری دا كە لەكۆی نۆ دادوەری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەشت دادوەریان پشتگیری سكاڵاكانی یەكێتیان كردووە كە بەبەڵگەو دیكۆمێت تەسلیمی كۆمسیۆن كرابوو، وتیشی:» لەعێراقدا سێ هەزارو 500 كەس دووجار دەنگیان دابوو، لەو ژمارەیە دوو هەزارو 500 دەنگی دووبارەیان لەهەولێر بووە، بۆیە هەرێم كەمال ئاغا دەرچووە».

هاوكات، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە فەیسەڵ كەریم خان، كاندیدی یەكێتی بووە زۆرترین دەنگی هێناوە كە لەنێوان 28 تا 31 هەزار دەنگ بووە، بەڵام»دەنگەكانی ئەو كاندیدەی یەكێتی سوتێندراوە بۆ ئەوەی نەگاتە پەرلەمانی عێراق».

رەشاد گەڵاڵی ئەوەشی روونكردەوە كە هەفتەی داهاتوو كۆی سكاڵای لایەنە سیاسییەكان یەكلادەكرێتەوەو دواتر دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەند دەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار