داهاتی نەوتی هەرێم؛ هێشتا لەسندووقە رەشەكەدایە

جگە لەپارتی، سەرجەم لایەنەكانی دیكە دەڵێن: ئاگاداری داهاتی نەوت نین

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێی نا بەجەرگی خۆیداو بۆ یەكەمجار بە فەرمی باسی نادیاری بەشێكی زۆر لەداهاتی نەوتی هەرێمی كرد كە لەكۆی 900 ملیۆن دۆلار، 550 ملیۆن دۆلاری مانگانە بە نادیاری ماوەتەوە.

هەرچەندە وەزیری سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان چەند جارێك باسی لەوەكردووە كە لەسەدا 52% داهاتی نەوت بۆ خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت هەناردەی نەوت بە بۆری دەڕوات، بەڵام وردەكاری لەسەر چۆنیەتی ئەو خەرجیانە نەخستەڕوو.

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەفەرمی رایگەیاند كە پەرلەمان ئاگاداری داهاتی نەوت نییە و تەنها ئاگاداری ئەو 350 ملیۆن دۆلارەن لەكۆی 900 ملیۆن دۆلار كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت.

لەئێستادا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 82 دۆلارو 80 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت لەبازاڕدا، بەرپرسانی هەرێم ئەوەیان راگەیاندووە كە بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشن.

بەفەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەروە دەكات كە لەمانگێكدا 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەكات، ئەگەر هەر بەرمیلێك نەوت بدەنە 72 دۆلار ئەوا لەمانگێكدا دەكاتە سەروو یەك ملیار دۆلاری مانگانە نەك 900 ملیۆن دۆلار كە باسكراوە.

دوای ئەوەی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند « داهاتی نەوت لەمانگێكدا 900 ملیۆن دۆلارە، بەڵام تەنیا 350 ملیۆن دۆلاری دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە»، وتەكەی كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی هاوشێوەی سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت:» تەنها ئاگاداری ئەو 350 ملیۆن دۆلارەین كە دەدرێتە وەزارەتی دارایی

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی: « وەكو فراكسیۆنی یەكێتی تەنها ئاگاداری ئەو 350 ملیۆن دۆلارەین كە مانگانە دەدرێتە وەزارەتی دارایی، ئەوەی دەمێنێتەوە دیار نییە و نەخێر ئاگاداری نین، ئەو 550 ملیۆن دۆلارەی دەمێنێتەوە تائێستا حكومەت روونی نەكردووەتەوە كە بەچی خەرج دەكرێت و چۆن خەرج دەكرێت كەسیش ئاگادار نییە لێی».

هەروەها سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەو 550 ملیۆن دۆلارەی دەمێنێتەوە بۆ  ئەوەی خستەڕوو كە حكومەت خۆی دەڵێت 62%ی داهاتی نەوت بۆ خەرجیەكانی دەڕوات، بەڵام هێشتا لەو بڕە پارەیەی ئەوان دەڵێن نزیكەی 200 ملیۆن دۆلاری ناڕوونە».

وتیشی:»بە وەزیری داراییمان وتووە كە ئەو داهاتەی دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی نەوت چی بەسەر دێت، بەڵام وەك ئەو دەڵێت تەنها ئاگاداری ئەو 350 ملیۆن دۆلارەیە كە بۆ وەزارەتەكەی دەنێردرێت، ئەوی دیكە دیوانی چاودێری دارایی حكومەتیش ئاگادارنییە».

هاوكات، عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»هیچ بەڵگەیەك نییە بۆ ئێمە و خەڵكی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی و پەرلەمانیش كە داهاتی نەوت بخاتە بەردەست، ئەندامی لیژنەی داراییم بەهەركەسێكی دیكەش بڵێ نەوت داهاتی چەندە و رۆژانە چەند دەڕوات و قەرزەكان چەندن هیچ شتێك لەمانە روون نین».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە زیاتر لە 15 پرسیاری لەوەزیری سامانە سروشتییەكان كردووە تائێستا وەڵامی نەدراوەتەوە.

عومەر گوڵپی دەشڵێت:» یەكەم راپۆرتی دیلۆیت، كە ئێمە ناچار نین چاوەڕێی راپۆرتی دیلۆیت بكەین و نایاساییشە، دووەم پێمان دەڵێت پرسیارەكانتان ئاڕاستەی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و گاز بكەن، زیاتر لە 10 پرسیاریشمان لای ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و گازە وەڵاممان ناداتەوە».

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو: «بەكورتیەكەی نەوت دۆسیەی قۆرخكاری نهێنی و شاردنەوەیە لەكوردستاندا، تەنانەت وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش ئاگاداری داهاتی نەوت نین تەنها چەند كەسێكی كەم لەكوردستان دەزانن داهاتی نەوت چی بەسەردێت».

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەو گرێبەستە نەوتیانە زیانیان بەهەرێم گەیاندووە و زۆربەی پارەكە دەچێتە گیرفانی كۆمپانیا نەوتیەكانەوە.

گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتیوت: «ئەوەی د.رێواز وتوویەتی تەنها ئەو 350 ملیۆن دۆلارەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، ئەویش لە رێگەی وەزیری داراییەوە راگەیەندراوە، ئەویش دیاریكراوە، بەڵام لەوەی دەمێنێتەوە روون و راشكاو نییە».

هاوكات باسی لەوەشكرد وەكو گۆڕان داوایان كردووە ئەنجومەنی هەرێمیی بۆ نەوت و گاز كۆببێتەوە، جگە لەوەش سندوقی داهاتە نەوتیەكان پێكبهێندرێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی نەبووە، وتیشی:»ئەو گرێبەستە نەوتیانە زیانیان بەهەرێم گەیاندووە چونكە زۆربەی پارەكە دەچێتە گیرفانی كۆمپانیا نەوتیەكان ئەمە وتەی خۆیانە، تا گرانتر بفرۆشرێت ئەوان پارەی زیاتر دەبەن».

«هیچ مەعقول نییە 550 ملیۆن دۆلار بۆ خەرجیەكانی دەرهێنان و بەبازاڕكردنی نەوت بڕوات لەهیچ وڵاتێك شتی وا رووینەداوە بۆیە ئێمەش داوامان كردووە روونكردنەوەمان پێبدرێت چونكە ئەو 900 ملیۆن دۆلارەی رێواز فایەق باسی كردووە تەنها داهاتی نەوتە»، گوڵستان سەعید وای وت.

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:»من بم لەجیاتی سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكاردەكێشمەوە كە نازانێت داهاتی نەوت چۆن خەرج دەكرێت».

 پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی: «هەموو كەس دەزانێت داهاتی نەوت چەندە، من بم لەجیاتی ئەو( سەرۆكی پەرلەمان) كە نەزانم داهاتی نەوت چەندە دەست لەكاردەكێشمەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار