ئەنجوومەنی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ: ناکرێت ئازارچەشتنی کۆچبەران پشتگوێبخرێت
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمسیاری ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ سەردانی سەنتەرێکی هاریکاریی کۆچبەرانی لەسەر سنووری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا کرد و رایگەیاند، ئەوەی لەسەر سنوور دەیبینن کێشەخوڵقێنەرە و "ئازارچەشتنی ئەو کەسانە شتێک نییە پشتگوێبخرێت".
دونجا میجاتۆڤیچ، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی جەختی لە پاراستنی شکۆ و مافەکانی مرۆڤی خەڵکی سەر سنوور کردەوە، ئەم گوتانەی لەکاتێکدان دوێنێ سێشەممە هێزە ئەمنییەکانی پۆڵەندا بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاو بڵاوەیان بە کۆچبەران کرد، کۆچبەرانیش لە بەرامبەردا بە بەرد وەڵامی ئەو هێزانەیاندایەوە کە ناهێڵن سنووری پۆڵەندا ببەزێنن.
کۆچبەران لەسەر سنووری پۆڵەندا لە دۆخێکی ناهەمواردان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نیگەرانیی خۆی لە رەوشەکە دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە، پۆڵەندا بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە رێگە بە چوونەژوورەوەی ئەو کۆچبەرانە بدات، کۆچبەرانیش ئامادەنین بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی لێیەوە هاتوون.
رۆژی دووشەممە، دوای هەشت رۆژ مانەوەیان لە خاڵێکی سنووریی نێوان بێلاڕوسیا - پۆڵەندا، کۆچبەران ئەو شوێنەیان جێهێشت کە تێیدا دەمانەوە و چوونەتە بەردەم دەروازەیەکی سنووریی نێوان هەردوو وڵات بە ناوی "برۆزگی."
وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی پۆڵەندا رۆژی سێشەممە 16-11-2021 لە هەژماری خۆی لە تویتەر ڤیدیۆی هێرشی کۆچبەرەکانی بۆسەر هێزەکانیان بڵاوکردەوە کە بەشێکیان کۆچبەری کوردن و رایگەیاند، "کۆچبەران بۆمبی دەنگییان پێیە کە لەلایەن هێزەکانی بێلاڕوسیاوە پێیاندراوە."
