ئیبراهیم رەئیسی کوردێک دەکاتە وەزیری پەروەردە

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی

سەرۆک کۆماری ئێران بە فەرمی یوسف نوری، وەک وەزیری پەروەردەی ئێران بە پەرلەمان ناساند.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی 17-11-2021 لە نامەیەکدا بەشێوەی فەرمی یوسف نووری، وەک وەزیری پەروەردەی ئێران بە پەرلەمان ناساند.

ئیبراهیم رەئیسی پێشتر دوو ناوی دیکەی بۆ وەزیری پەروەردە داوەتە پەرلەمان، بەڵام هیچ کامیان متمانەی پەرلەمانتارانیان بەدەستنەهێنا.

دوو کەس لە وەزیرەکانی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی کوردن. عیسا زارع پوور، وەزیری تەکنۆلۆژیا و پەیوەندییەکان، کە خەڵکی شابادی کرماشانە، لەگەڵ حوجەتوڵڵا عەبدولمالکی، وەزیری کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی، کە خەڵکی شاری قورەیە لە پارێزگای سنە.

نوێنەرانی پارێزگای ئیلام لە پەرلەمانی ئێران لە پەیامی جیاوازدا پشتگیری خۆیان بۆ یوسف نوری دەربڕی، کە بۆ یەکەمجارە کەسێکی خەڵکی ئیلام بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکرێ.

یوسف نوری لە کارنامەکەیدا بۆ وەزارەتی پەروەردە هیچ ئاماژەیەکی بە خوێندن بە زمانی دایک نەکردووە. خوێندنی زمانی دایک لە ماددەی 15 یاسای بنەڕەتی ئێراندا بە فەرمی ناسراوە، بەڵام دوای زیاتر لە چوار دەیە هێشتا جێبەجێ نەکراوە. جێبەجێکردنی ئەم ماددەیەی دەستوور لانیکەمی داواکارییەکانی چالاکڤانانی کولتووری کورد بووە.

یوسف نوری، لە دایکبووی ساڵی 1961، دکتۆرای لە بواری بەڕێوەبردنی گەشتیاریدا هەیە، مامۆستای زانکۆیە، 5 کتێب و 10 توێژینەوەی نووسیووە و بەرپرسایێتی جۆراوجۆری هەبووە.

یوسف نوری لە سەرەتای دەیەی 80ی سەدەی رابردوودا لە شاری ئیلام مامۆستای سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی بووە. لە سەرەتای دەیەی 90دا وەک جێگری بەڕێوەبەری پارێزگای ئیلام دەستنیشانکراوە و سەرەتای 2000 بووەتە شارەزای پەروەردەی قوتابخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی قەتەر و بەحرەین.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار