وەزیری پەروەردە: دەبێت تا كۆتایی ئەم مانگە هەموو مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە مامۆستایان و دەڵێت ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ڤاکسینى کۆرۆنا وەرنەگرن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەکان دەتوانن دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەرامبەر بەکاربهێنن.
ئەمڕۆ پێنجشهممه 18ی تشرینی دووهمی 2021، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ڤاکسین بۆ مامۆستایان دابینکراوە، لەدواى 1-12-2021ەوە بەڕێوەبەرى گشتىی پەروەردەکان دەتوانن دەسەڵاتى یاسایی خۆیان بەرانبەر ئەو مامۆستایانە بەکاربهێنن، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە".
تایبەت بە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ، ئالان حەمەسەعید وتی: "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە،لە چوارچێوەی مافی دارایی و مەعنەوی توانیومانە کۆمەڵێک پێوەری نوێ دابنێین بۆ چارەسەری کێشەکانیان".
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ دابینکردنی 7 ملیۆن لیتر نەوت بۆ قوتابخانەکان، پڕۆسەی تەندەرکردنیش لە پارێزگاکانە نەک لە وەزارەتی پەروەردە و دیوانی وەزارەت، دەشڵێت: "بەپێی رێنماییەکان دەبێت پارێزگاکان ئەو بڕە نەوتە بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش بکەن".
