هیچ رێگایەک نییە بۆ کۆچبەران جگە لەگەڕانەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
ئەو کارتە فشارەی پێنج ساڵ لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لەدژی وڵاتانی ئەوروپی بەکاریهێنا ئێستا لەلایەن ئەلیکزاندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕووسیاوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەرپرسان و شارەزایان پێیانوایە ئەوە سەرناگرێت و ئەوەی زەرەرمەند دەبێت تەنها کۆچبەرانن.
نزیکەی دە رۆژە کۆچبەران لە سنوری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووەو لە سەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا ژیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ ئەوەی پۆڵەندا ناهێڵێت سنور تێپەڕێنن و بیلاڕووسیاش ناهێڵێت بگەڕێنەوە.
یەکێتی ئەوروپا بیلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لێشاوەکەی دروستکردووە بۆ فشارخستنەسەر یەکێتییەکە و تۆڵەکردنەوە لەو سزایانەی بەسەریدا سەپاندووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن سەرۆکی بیلاڕووسیاوە.
کارتێکی سووتاو
شارەزایان باس لەوە دەکەن ئەو فشارەی بیلاڕووسیا دروستی کردووە بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە.
«ئەم تاکتیکە دڕندانەیە وا لە بیلاڕووس دەکات ژەهراوی دەرکەوێت و هەموو ئەگەرێکی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دوادەخات، سیاسەتمەدارانی ئەوروپی بە فشارو گوشار نایەنە سەر مێزی گفتوگۆ»، ئارتیۆم شرایبمان، شیکەرەوەیەکی سیاسی بیلاڕووسی ئەمەی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس وت.
دوای هەڵبژاردنی ئابی ٢٠٢٠ لە بیلارووسیا، لۆکاشینکۆ شەش خولی تر بووەوە سەرۆک و ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی ناوخۆو وڵاتانی ئەوروپی و ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکرد. لەناوخۆدا خۆپیشاندان ئەنجامدراو حکومەتی بیلاڕووس خۆپیشاندانەکانی سەرکوتکرد و ٣٥ هەزار کەسی دەستگیرکرد. بەهۆی ئەمەوە یەکێتی ئەرووپا سزای بەسەر بیلاڕووسیادا سەپاند کە چەندین بەرپرسی بیلاڕووسی تێدایە.
شیکەرەوان دەڵێن لۆکاشینکۆ دەیەوێت بەم پلانەی یەکێتی ئەوروپا ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆو سزاکان لاببات.
«لۆکاشینکۆ چاوەڕێی ئەوە لە یەکێتی ئەوروپا دەکات کە بۆ فشارەکان خۆی داچەمێنێت و داوا لە پۆڵەندا بکات کۆچبەرەکان سنور بەرەو ئەڵمانیا تێپەڕێنن، بەڵام یەکێتی ئەوروپا درک بەوە دەکات ئەگەر ئەوە ئەنجام بدات لۆکاشینکۆ وەک براوە دەردەکەوێت و دواتر هەزارەها کۆچبەری تر دێنە سەر سنوری پۆڵەندا»، پاڤێڵ ئوسان، بەرپرسی ناوەندی شیکاری سیاسی لەپۆڵەنەدا ئەمەی وت.
بەڵام نەک هەر ئەو ئامانجەی نەپێکا کە دەیویست بەڵکو پلانەکەی بەسەر خۆیدا شکایەوە بەو پێیەی یەکێتی ئەوروپا لەدووشەممەی رابردوودا سزاکانی سەر بیلاڕووسیای فراوان کردو سەرجەم ئەو هێڵە ئاسمانی و کۆمپانیا گەشتیاری و بەرپرسانەی دەستیان هەبووە لەدروستکردنی لێشاوەکەدا دەچنە چوارچێوەی سزاکانی یەکێتییەکەوە.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی پێشووی یەکێتی ئەوروپا هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بۆچوونی یەکێتی ئەوروپا گۆڕاوە سەبارەت بەدۆخی کۆچبەران و وەك پێنج ساڵ لەمەوبەر نەماوە کاتێك ئەڵمانیا هەزارەها پەنابەری سوری وەرگرت.
ئەو بەرپرسە بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە کە ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژاکاری ئەڵمانیا، هەڵە بوو لەوەرگرتنی پەنابەران و دواتر دابەشکردنی بەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە.
ساڵی ٢٠١٥ تورکیا بەسەرکردایەتی ئەردۆغان لێشاوێکی کۆچبەرانی سوریای دروستکرد بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی و دواتر بە ناچاری کۆچبەرکانیان وەرگرت دوای ئەوەی ئەنجێلا میرکل لەوتارێکیدا رایگەیاند «ئێمە دەتوانین پێکەوە ئەوە ئەنجام بدەین»، وەک ئاماژەیەک بۆ هاوکاری کردن و دابەشکردنی کۆچبەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپیدا.
دیپلۆماتکارێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا ئەوەی بۆ گاردیان ئاشکرا کردووە کە وڵاتانی ئەوروپی چیتر وەک پێشوو مامەڵە ناکەن و کۆچبەران وەرناگرن.
«ئێمە بە راستی لە دۆخێکی جیاوازداین وەک لە پێنج ساڵ لەمەوبەر. دەبێت لەوە تێبگەین کە لەهەندێک بەشی جیهان بەربەستی بەرجەستە پێویستییە»، دیپلۆماتکارەکە وا دەڵێت.
کۆچبەران ‹هەڵخەڵەتێنراون›
لە نوێترین پێشهاتدا، کۆچبەران بۆ فشار خستنەسەر پۆڵەندا چوونە بەردەم دەروازەیەکی فەرمی پۆڵەندا و بیلاڕووسیا و گردبوونەوە تا ئەوەی سنوریان بۆ بکرێتەوە، بەڵام نەک هەر سنوریان بۆ نەکرایەوە بەڵکو بڵاوەشیان پێکرا و گرژی لەنێوانیاندا دروستبوو، لە ئیستادا گەڕانەوەتەوە بۆ دارستانەکانی ببیلاڕووسیا.
پێشتر بیلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکرا کە ئامێڕی بڕینی تەلبەندی داوەتە کۆچبەران بۆ ئەوەی سنوری پۆڵەندا ببڕن. بی بی سی لە راپۆرتێکدیدا پەیوەندی بەکوردێکەوە کردووە لە بیلارووسیاوە و پێی راگەیاندووە کە هێزەکانی بیلاڕووسیا فشاریان دەخەنە سەر بۆ تێپەڕاندنی سنور. شوان کورد بە بی بی سی وتووە کە هیچ رێگایەک نییە بۆ دەربازبوون، نە رێی رۆشتن بۆ پۆڵەنەدا و نە رێی گەڕانەوە بۆ بیلاڕووسیا.
کۆچبەران ئێستا تێگەشتوون لەوەی هیچ رێگەیکیان بۆ نەماوەتەوە و پۆڵەندا ناهێڵیت تێبپەڕن. حکومەتی پۆڵەنەدا ٢٠ هەزار سەربازی لەسەرتاسەری سنورەکەیدا جێگیر کردووە بۆ رێگریکردن لەو لێشاوەی کە ژمارەیان بە چوار هەزار کەس دەخەمڵێنرێت و میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن زۆربەیان خەڵكی هەرێمی کوردستانن.
ئێستا بەشێك لە کۆچبەران تەواو بێئومێد بوون و بڕیارە ١٧٠ کۆچبەر لە رۆژی پێنجشەممەدا بگەڕێنەوە. بەپێی وتەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق ١٧٠ کۆچبەری عێراقی رەزامەندیان پیشانداوە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە دوای ئەو دۆخە ناهەموارەی تووشی بوون لە دارستانەکانی بیلاڕووسیا.
ئەوەی لەمیدیا جیهانییەکانەوە باس دەکرێت ئاسانکردنی رێگاکەیە بەرەو بیلاڕووس و تێپەڕاندنی سنور کە بیلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکرێت ئاسانکاری زۆر کردووە بۆ ئەم لێشاوە. لە راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هاتووە کە تەنها کارمەندێکی کۆمپانیایەکی گەشتیاری بەناوی مەلا رەوەز ١٠٠ پاکێجی گەشتیاری بیلارووسیای فرۆشتووە لەهەفتەیەکدا لەسلێمانی و پاکێجەکە بریتیبووە لە ڤیزەی بیلارووسیاو مانەوەی ئوتێل لە مینسکی پایتەخت.
لە راپۆرتێکی تری گاردیانی بەریتانی ئەوە ئاشکرا بووە کە بیلارووسیا هەواڵی پێدانی ڤیزەی بە کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە.
«پێش هاتنی هاوین لە کارمەندێکی بەغدادەوە بڕیارێکمان بەدەست گەیشت کە تێێدا هاتبوو بیلاڕووس ڤیزە دەدات، زۆری نەخایاند پێش ئەوەی دەنگۆی ئەم هەواڵە بڵاوببێتەوە، بەڵام لەم دوو مانگەی کۆتاییدا زۆر سەرقاڵ بووین»، کارمەندێکی گەشتیاری لەهەولێر ئەمەی بەگاردیان وتووە.
لە راپۆرتەکەی گاردیاندا ئەوەش هاتووە کە کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون چونکە پێیان وتراوە نێوان مینسک، پایتەختی بیلارووسیا، و سنوری پۆڵەندا بە سێ کاتژمیر پیادە دەبڕن و بە ئاسانی دەردەچن لەکاتێکدا نێوانی مینسک و سنوری پۆڵەنەدا ٣٢١ کیلۆمەترە.
لۆکاشینکۆ کۆچبەرانی لا گرنگ نییە
تا ئێستاش هەندێك لە کۆچبەرانی کورد سوورن لەسەر گەشتەکە و دەڵێن ناگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
«مەحاڵە بگەڕێمەوە و پێشموانییە ئەوانەی ئێرە بگەڕێنەوە بۆ ژیانێک کە هیوای تێدا نییە»، کۆچبەرێک بەناوی شڤان کە خەڵکی شارۆچکەی سۆرانە ئەمەی بە جەزیرەی ئینگلیزی وت.
کۆچبەرێکی تر بەناوی دڵسۆز کە خەڵكی هەولێرە، بە جەزیرەی وتووە: زۆر ئاسان بوو کاتێك رۆشتین چونکە کۆمپانیا گەشتیارییەکە خۆی هەموو شتێکی بۆ کردین، پێموابوو ئەو رێگەیە شایەنیەتی چونکە پێم باشتر بوو ئەم گەشتە بکەم وەک لەوەی لە نیشتیمانی خۆم بمێنمەوە و هیوای ژیانکردن لەوێ لەدەست بدەم.
زۆربەی میدیا جیهانییەکان هۆکاری لێشاوی کۆچبەرانی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ زۆری بێکاری، گەندەڵی حکومەت، خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری و یاسایی، خزم خزمێنە و حوکمی خێڵەکی دەگەڕێننەوە کە هاووڵاتیانی بێزارکردووە و ناچار بە رۆشتنی کردوون.
هەندێك لەشیکەرە و چاودێران بڕوایان وایە لۆکاشینکۆ کۆچبەرانی لا گرنگ نییە و تەنها بۆ مەرامی خۆی وەک ئامرازێک بەکاریان دەهێنێت.
«دەسەڵاتدارانی بیلاڕووسیا سەرکەوتوو نەبون لە رازیکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ دانوستان و کۆچبەران لێرەدا تەنها ئامێرێکن بەدەست مینسکەوە»، ڤالێری کاربالێڤیچ، شیکەرەوەی سیاسی، ئەمەی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس وت.
ئەندریاس کلوس، ستوونوسی تۆڕی میدیای بلومبێرگ دەڵێت: لۆکاشینکۆ کۆچبەرانی لا گرنگ نییە، تەنها گرنگی بە ناسەقامگیرکردنی یەکێتی ئەوروپا دەدات و ئەم تاکتیکەی وەک ئامرازێک دەبینێت لە جەنگەکەیدا دژی ئەوروپا، هەر کە تەکتیکی کۆچبەرانی نەما یان کۆتایی پێ هێنرا، ئەوا دەست دەبات بۆ بەکارهێنانی تاکتیکی تر.