حکومەتی هەرێم: بێ چارەنووسیی هۆکار بوو بۆئەوەى زۆرێک لە کۆچبەران خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان

4 ساڵ لەمەوپێش



 

 هاوڵاتی

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بەنیازبوون بەرە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لەڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا  زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان."

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات "ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بەنیازبوون بەرە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لەڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا و لیتوانیا تا بگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووى 20 هەزار کەسەوە و زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان."

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ هەوڵى چارەسەرى ئەم پرسەیان دا و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا لە هەردوولا پێکهێنرا.  

نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە لیژنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کرد "فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تا بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق" و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە تۆمارکردنى ناوى ئەو کەسانەکرا کە خوازیارى گەڕانەوەن لەو دۆخە خراپە و تا ئێستا زیاتر لە 460 کۆچبەر ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمارکردووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە ئەو کۆچبەرانەی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، "بە خۆڕایی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە هەولێر و بەغدا بۆ دەکرێت."

دواى دابەزینى کۆچبەرە کوردەکان لە هەولێر، فڕۆکە بێلاڕووسییەکە دەچێتە بەغدا بۆ دابەزاندنى کۆچبەرە عێراقییەکان.

هەر لە راگەیێنراوەکەی حکومەتدا هاتووە "بەشێکى ئەو پەناخوازانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە، کێشەی پاسپۆرتیان هەیە، بەوەى کە لە سەفەرە نایاساییەکەیاندا پاسپۆرتەکانیان لەدەستداوە و بەشێکی دیکەشیان ڤیزاکانیان بەسەرچووە، هەر بۆیە جارێکی دیکە لەسەر فەرمانى لیژنە باڵاکەى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تیمێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا چوونەتە بێلاڕووس بۆ کارئاسانی بۆ ئەو پەناخوازانەى کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە."

ئاماژە بەوەشکراوە کە تیمەکە "پاسپۆرتی پەڕینەوە بۆ پەناخوازەکان دروست دەکەن و هەروەها لێخۆشبوونیش بۆ ئەو سزایانە دەردەکەن کە ڤیزاکانیان لە بێلاڕووس بەسەرچووە و داواش لە حکومەتی بێلاڕووس کراوەکە ئەو پەناخوازانە خەرجی پشکنینی کۆرۆناش لە فڕۆکەخانەکان نەدەن."

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "بڕیارە تیمێکی وەزارەتی تەندروستی لە فڕۆکەخانە چارەسەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراویان بکات، چونکە چەندین رۆژە لەسەرسنوورەکان و لەبەردەم سەرما و سۆڵەیەکى زۆر و لە دۆخێکى نەخوازراو و ناتەندروست ماونەتەوە. هەر کۆچبەرێکیش پێویستی بەچارەسەر هەبێت، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە و چارەسەری خێرای بۆ ئەنجام دەدرێت."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار