دووبارە کازمی؛ نەشیش بسووتێ و نە کەباب
رەوتی سەدر بۆ خۆلادان لەشەڕی مالکی، ناوی كازمی پیشنیار دەکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
موقتەدا سەدر براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ خۆلادان لە شەڕی مالکی نایەوێت سەرۆکوەیران راستەوخۆ لە رەوتەکەی خۆی بێت، بەڵکو دەیەوێت دووبارە مستەفا کازمی بەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دابنرێتەوە، بەڵام گروپە شیعەکانی تر ناڕازین.
دوابەدوای شكستهێنانی هەوڵی تیرۆركردنەكەی، مستەفا كازمی وەکو كاندیدی هەرە بەهێزی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق باس دەکرێت، ئەگەرچی كازمی پاڵپشتیەکی زۆری هەیە، بەوپێیەی پێشنیارکراوی رەوتی سەدرە و كورد‌و سوننەش لارییان لەسەر نییە. بەڵام گروپە شیعەکانی نزیک لەئێران بە توندی دژی دانانەوەین و پێیانوایە لەبەرژەوەندیەکانیان دەدات.
کازمی؛ دڵخوازەکەی سەدر بۆ خستنەوەی مالکی
ئەگەرچی رەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، سوورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی، بەڵام ئێستا هەوڵەكان بەرەو ئەوەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاتی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش پێشبینی دەكرێ رەوتی سەدر زۆرترین نەرمی پێشان بدات.
لەلایەكی دیكەوە هێزە شیعییە دۆڕاوەكانی ئەم هەڵبژاردنە كە خۆیان لەچوارچێوەیەكی ناوماڵی شیعی بەدەر لەڕەوتی سەدر بە ناوی «چوارچێوەی هاوئاهەنگی» كۆكردووەتەوە، بەنیازی كاندیدكردنی نوری مالكی یان حەیدەر عەبادی هەردوو سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقن، بەڵام هەریەك لەم دوو كاندیدە رووبەڕووی تەگەرەی زۆر دەبنەوە.
لای خۆیەوە مالكی بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی هەردوو كابینەی حكومەتەكەیدا شكستی گەورەی هێنا لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیدا، بووە هۆی ئەوەی چەندین كەیسی گەورە و ئابڕووبەرانەی گەندەڵی لە سەردەمی حكومەتەكەی ئەودا ئەنجام بدرێن، سەرباری شكستە گەورەكەی لەڕووی سەربازییەوە كاتێك داعش دەستی بەسەر بەشێكی بەرچاوی جوگرافیای عێراقدا گرت، بەبێ ئەوەی مالكی وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان هیچ رۆڵێك ببینێت لە پاراستنی خاكی وڵاتەكەی.
لەگەڵ ئەمانەشدا، میدیاكانی عێراق پێیانوایە نوری مالكی چانسی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی زیاترە لە حەیدەر عەبادی، سەرباری ئەوەی لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا داعش بەشێوەیەكی رێژەیی لەناوچوو، بەڵام بەهۆی لەشكركێشییەكەی بەرەو كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان، ئەستەمە لەلایەن كوردەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرێت، ئەمەش وا دەكات عەبادی زۆر دوور بێت لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران.
بەهۆی ئەوەی مستەفا كازمی لەلایەن ئەمریكییەكانەوە پشتی پێدەبەسترێت و رەزامەندییەكی بەرچاوی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیشی هەیە، ئەگەرێكی بەهێزی هەیە بۆ وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی نوێی عێراق بۆ مەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ.
سەرباری ئەم سێ كاندیدەی سەرەوە، ناوی جەعفەر ئەلسەدر باڵیۆزی ئێستای عێراق لەبەریتانیا، لەناو ناواندایە و یەكێكە لە كاندیدەكانی شیعە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.
شیعە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن ترسیان لەکازمی هەیە
لایەنە شیعە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنی مانگی رابردوو مستەفا کازمی بە هۆکاری شکستی خۆیان لە هەڵبژاردنەکە دەزانن و ترسیان هەیە لەئەگەری دووبارە دانانەوەی بە سەرۆکوەزیران زیاتر سنوورداریان بکات، هەربۆیە دژی دووبارە دانانەوەین.
محەمەد بەیاتی سەرکردەی هاوپەیمانی فەتح بەمیدیاکانی عێراقی راگەیاند، لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆدەنگییەک دروستبووە لەسەرئەوەی رێگەنەدرێت مستەفا کازمی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێتەوە.
بەیاتی وتی «پێدانەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مستەفا کازمی بووە بەڕابردوو».
هەروەها سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە کە رەوتەکە یەکێکە لە چوارچیوەی هەماهەنگی شیعەکان کە نزیکن لە ئێران، دژایەتی خۆی بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی کازمی دەربڕی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و تۆمەتباری کرد بە کوشتنی خۆپیشاندەران.
حەسەن فەدعەم، سەرکردەی رەوتی حیکمە کە عەمار حەکیم سەرۆکەیاتی دەکات لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند «ئەگەر هێزە سیاسییەکان مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەستنیشان بکەن، ئەوا چوار ساڵی دیکە بەردەوام دەبین لەکوشتار و پشێویی».
فەدعەم کە پەرلەمانتاری پێشووی عێراقە وتیشی «ناتوانین بێدەنگ بین لەئاست کوشتنی خۆپیشاندەران، دەستی دەرەکی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کاروباری ناوخۆی عێراق و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە».
بەوتەی ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە، «پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، لەچوارچێوەی پلانێکدایە بۆ نەهێشتنی یان سنووردارکردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل».
لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا گەورەترین هیز، دەوڵەتی یاسای نوری مالکیە. هەربۆیە ئیئتیلافەکە دەیەوێت نوری مالكی بکرێتە سەرۆکوەزیران و دەڵێن ئاستێكی جه‌ماوه‌ری به‌رزی هه‌یه و ده‌توانێت له‌قۆناغی داهاتوودا رابه‌رایه‌تی عێراق بكات.
عه‌باس مالكی ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا وتی «نوری مالكی خاوه‌ن ئه‌زمونه و مێژوویه‌كی هه‌یه له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و دهستكهوتیشی به‌ده‌ستهێناوه، هه‌روه‌ها لهڕاپرسیهكانیشدا مالكی ئاستێكی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانی هه‌یه‌و رای گشتیش پێی وایه كه پیاوێكی به‌هێزه‌و ده‌توانێت له‌م قۆناغه ئاڵۆزه‌دا رابه‌رایه‌تی وڵات بكات».
بەبڕوای ئەو په‌یوه‌ندییه‌كانی مالكی له‌گه‌ڵ كورد‌و سوننه باش و باوه‌ڕپێكراوه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیه‌كی نایابی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا هه‌یه.
عه‌باس مالكی وتی «نوری مالکی په‌یوه‌ندیه‌كی نایابی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا هه‌یه و قۆناغی داهاتوش پێویستی به‌پیاوێكی به‌هێزه، هه‌روه‌ها برایه‌تیش له‌ڕه‌وتی سه‌در به‌شێكی گرنگی پرۆسه‌ی سیاسیه‌و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش له ئێستاوه باوه‌ش بۆ برایانی له ره‌وتی سه‌در ده‌كاته‌وه«.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا داوایكرد لایه‌نه‌كان دووربكه‌ونه‌وه له‌رق و كینه‌و وتی، «باشترین بارودۆخ بۆ پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌وه‌یه كه هاوپه‌یمانی هه‌بێت له نێوان كوتله‌ی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا».
هێشتا شەڕی ئەنجامی کۆتایی ماوە
8ی ئەم مانگەش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگی وێستگە تانەلێدراوەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان هاوتا بوون.
دوای جیاكردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستی ده‌نگه‌كان، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، دوا ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی بڵاوكرده‌وه و به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌كانیش، جگه له‌موقته‌دا سه‌در كه ، 73 (حه‌فتا و سێ) كورسی به‌ده‌ستهێناوه، لایه‌نه شیعیه‌كان به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌نگیان كه‌میكردووه و هاوپه‌یمانێتیه‌كیان له‌ژێر ناوی «چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی» پێكهێناوه و ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامه‌كان ده‌رده‌بڕن و كۆی پرۆسه‌كه ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
هێشتا بەوردی دیارنیە کەی کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنێت چونکە لایەنە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن هیشتا سوورن لەسەر قسەکانیان کە دەڵێن ساختەکاری لەهەڵبژردنەکان کراوە، بەڵام کۆمسیۆن رەتی دەکاتەوە ساختەکاریی کرابێت.
ئەگەرچی کۆمسیۆن ئەو سندوقانەی بەدەست هەژمارکردۆتەوە کە سکاڵایان لەسەرە، بەڵام دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن داوای هەژمارکردنەوەی تەواوی سندوقەکان دەکەن بە دەست.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی 8ی تشرینی دووەم ئەنجامی کۆتایی پەسەندنەکراوی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەستی بنکە تانە لێدراوەکان راگەیەنران، لەم کاتەدا ئەنجامەکان ئاڕاستەی دەستەی دادوەری کراون و لەماوەی 10 رۆژدا ئەنجامەکان یەکلایی دەکرێنەوە.
نبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تائێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەنجامی ئەلیکترۆنی و ژماردنەوەی دەستی بنکە تانە لێدراوەکان پێشکەشی دەستەی دادوەری کۆمسیۆن نەکراوەو بەگوێرەی یاسا لەماوەی 10 رۆژدا لایەنەکان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشی دەستەکە بکەن.
باسی لەوەشکردووە، وێستگە تانەلێدراوەکان ژمارەیان 1436 تانە بووە، لەو ژمارەیەش ئەنجومەنی کۆمسیاران تەنها 87 تانەی پەسەندکرد کە بەڵگەیان لەگەڵدا بووە، کۆی ئەو وێستگانەش کە تانەیان لێدرابوو بریتی بوون لە 4324 وێستگە، لەئەنجامیشدا دەرکەوت سەرجەم ئەنجامەکانی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگەکان هاوتا بوون.
نبراس ئەبو سودە ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوای تەواوبوونی پرۆسەی دووبارە بژاردنەوەی وێستگە تانە لێدراوەکان، ئەنجامەکان رەوانەی دەستەی دادوەری کۆمسیۆن کراون بۆ پەسەندکردنیان، دواتریش کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنێت.