ئۆپراسیۆنی نوێ؛ گرێکوێرەکەی بەردەم تورکیا
3 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: جەزیرە
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
ماوەی چەند مانگێکە سەرکردایەتی تورکیا سووربونی خۆیان دەربڕیوە لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دژی هێزە کوردییەکان لەباکوری سوریا. بەڵام بەپێی قسەی شارەزایان، ئەنقەرە خۆی لەبەرداشی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و روسیا دەبینێتەوە ئەمەش وایلێکردووە رووبەڕووی گرێکوێرەیەک ببێتەوە کە ئەگەری زۆرە تموحەکانی پەکبخات و هەرچی لەشکرکێشیی گەورەیە کە بەنیازە ئەنجامی بدات دوای بخات.
عومەر ئۆزکیزیلچیک، توێژەر لە دامەزراوەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ توێژینەوە لە ئەنقەرە، دەڵێت: روودانی ئۆپراسیۆن حەتمییە، بەڵام کاتەکەی دەکەوێتەوە سەر دیبلۆماسیییەت وەك لەوەی بکەوێتەوە سەر لایەنە سەربازییەکان لەناوچەکەدا».
بە بڕوای ئۆزکیزیلچیک، هەر کردارێکی تورکیا لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کاردانەوە لەلایەن روسیا یان ئەمریکا یان هەردووکیان کە ئامادەیی سەربازییان هەیە لەو ناوچانەی ئەنقەرە دەیەوێت لەدەستی هێزە کوردییەکان دەریبهێنێت.
تێکهەڵچوونی بەرژەوەندییە جیۆپۆڵەتیکییەکان
ئێستا باکوری سوریا بەشێکی پەرشوبڵاوی تێکهەڵچوونی ئامادەیی سەربازییە و سێ لەشکرکێشییەکەی تورکیا بۆ ناوچەکە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە کە پێشتر ناوچەیەکی رێکخراو بوو لەنێوان هێزەکانی روسیا و ئەمریکا لەگەڵ رژێمی سوریا و داعش و هەرێمە سەربەخۆکانی کوردەکان.
تورکیا لە ٢٠١٦ چووە نێو خاکی سوریاوە و بەهاوکاری سوپای سوریای ئازاد، داعش و هێزە کوردییەکانی لە شارۆچکەی ئەعزاز دوورخستەوە. لە ٢٠١٨دا بۆ جاری دووەم ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنێکی تری ئەنجامدا و کۆنترۆڵی عەفرینی کرد. لەساڵی ٢٠١٩دا ئەنقەرە سێیەم ئۆپراسیۆنی خۆی ئەنجامدا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە گرێ سپی و سەرێکانی دوورخستەوە.
ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵات کشایەوە بۆ ناوچەیەک لەنزیک سنوری عێراق، کە تێیدا هێزەکانی بەهاوشانی هەسەدە تێیدا جێگیربوون و پاسەوانی لە کێڵگە نەوتییەکان دەکەن.
لەوکاتەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، و هاوتا روسیەکەی، ڤلادمیر پۆتین، چەندین رێککەوتنامەیان واژۆکردووە بەئامانجی کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە سنوری وڵاتەکەی.
تورکیا چەندین خاڵی پشکنینی دامەزراندووە لە دەوروبەری ئیدلیب، کە دوایین ناوچەیە بەدەست ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، وەک ناوچەیەکی ئارام لەگەڵ روسیا و هیزەکانی رژێمی سوریا لە رۆژهەڵاتەوە.
هێزەکانی تورکیا و روسیا لەو ناوچەیەدا دەوریەی سەربازی ئەنجام دەدەن و لەهەمان کاتدا روسیا بەڵێنی داوە بەقوڵایی ٣٠ کم هێزە کوردییەکان لە تەواوی سنوری سوریا-تورکیا دووربخاتەوە بەتایبەتی لەکۆبانێ.
بەڵام ئەنقەرە دەڵێت مۆسکۆ بەڵێنەکەی بەجێنەهێناوە و هێزە کوردییەکان بەتایبەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بەردەوامن لە هێرشکردنەسەر هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا. لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەردۆغان دووپاتیکردەوە کە تورکیا «ئەوەی پێویست بێت دەیکات» بۆ دوورخستنەوەی هەر هەڕەشەیەکی کوردەکان لەسەر سنوری وڵاتەکەی.
بەشەکانی تری ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکوری سوریا کێشەیەکی گەورەی بۆ تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا دروستکردووە، ئۆزکیزیلچیک وا دەڵێت. ئەنقەرە باس لەوە دەکات هێزەکانی یەپەگە لە مەنبج و تەل رەفعەت تۆپبارانی عەفرین دەکەن لەهەمانکاتدا لە کۆبانێوە تۆپ و هاوەن بەرەو گوندە تورکییەکانی سەر سنور هەڵدەدەن.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، تورکیا سەدەها سەرباز، زرێپۆش، کەلوپەلی سەربازی گواستوەتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەکەی لە ئیدلیب کە ئەگەر ئەنقەرە نەتوانێت رێککەوتن لەگەڵ روسیا بکات لەسەری، ئەوا دەکەوێتە بەر هێرش.
هەروەک ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو، چاوەڕوان دەکرێت تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان پشت بەو هیزە سوریانە ببەستێت کە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریادان و خۆی راهێنانی پێ کردوون و چەکی بۆ بەردەست کردوون لەچەند ساڵی رابردوودا. لانی کەم ٢٠ هەزار چەکدار لە ئێستادا لەژێر ئاڵایەکدا چالاکی ئەنجام دەدەن بەناوی سوپای نیشتمانی سوریا.
«سوپای نیشتمانی سوریا ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە و بە هەموو توانایەوە بەشداری دەکات ئەگەر دۆخەکە بخوازێت»، موستەفا سەجاری، وتەبێژێکی سوپاکە وای وت.
سەجاری دەشڵێت سوپای نیشتمانی سوریا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزە لە تورکیاوە و ئامادەیە بۆ هەر شوێنێک بڵاوەی پێ بکرێت دژی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکەدا.
پەنیری سویسری لەکایەی سیاسیدا (پەنیری سویسری ئەو پەنیرە کە کەمێک رەقە و کون کونە و ئاسان کەرت دەکرێت)
تورکیا لەمێژە دەڵیت کە قبوڵ ناکات گروپەکانی نزیک لە پەکەکە لە نزیک سنورەکەی بێت لەگەڵ سوریا کە ٩١١ کیلۆمەترە، ئەوەش لە ماوەی درێژخایەندا بەوتەی سۆنەر جاگەپتای، بەڕێوبەری پرۆگرامی توێژینەوەی تورکی لە پەیمانەگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵات، مانای دابەشکردنی ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی کوردەکان دەگەیەنێت تا کاری ئاسانتر بکات بۆ رێککەوتنی لەگەڵ رژێمی ئەسەد سەبارەت بە پەرشوبڵاوکردنیان.
«هۆکاری سەرەکی ئەم ئۆپەراسیۆنە سیاسەتی تورکیایە سەبارەت بە رۆژئاڤا، ئامانجەکە ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە وەک پەنیری سویسری لێبکات، پارچە پارچەی بکات بۆ بەشی بچوک بچوک بۆ ئەوەی بێ سنور بێت و توانای بەردەوامی نەبێت تا ئەوەی ئەگەر رێککەوتنێکی جیهانی کرا بۆ ململانێی سوریا لەداهاتوودا، رژێمی ئەسەد بتوانێت بیخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی»، جاگەپتای وا دەڵێت.
ئۆزکیزیلچیک پێیوایە هەم مۆسکۆ و هەم واشنتن دەبنە بەربەست لەبەردەم تموحەکانی تورکیادا سەبارەت بە گرتنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان.
تەل رەفعەت و مەنبج کە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانن مانای ئەوە دەگەینێت کە لە ئێستادا دەبێت لەگەڵ هێزە روسیەکاندا دانوستانی لەسەر بکات.
ئامانجێکی تر کۆبانێیە، یان ناوچەیەکی تری باشوری هەمان شارە کە شارەکانی جەرابلوس و گرێ سپی پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش پێویستی بە دوورخستنەوەی روسیەکان هەیە.
لەکۆتاییدا، رەنگە تورکیا بیەوێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لەسەرێکانی فراوان بکات و تا قامیشلۆ نەوەستێت کە لەوێ روسیەکان بنکەیەکی ئاسمانییان هەیە و سەربازانی ئەمریکیش دەوریە ئەنجام دەدەن، یان رەنگە بەرەو رۆژهەڵات هەتا سنوری عێراق نەوەستێت کە لەوێش ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی هەیە و هاوکاری هەسەدە دەکەن لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکاندا.
جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە تورکیا و راوێژکاری پێشووی ئیدارەی ترەمپ بۆ کاروباری سوریا، لەو بارەیەوە دەڵێت، بەپێچەوانەی رابردووەوە ئەنقەرە نابێت چاوەڕوانی لە واشنتن بکات کە هەنگاوی هەڵە فەرامۆش بکات بەتایبەتی هەنگاوێک کە مەترسی بێت بۆ هەسەدەی هاوپەیمانی.
ئۆپەراسیۆنەکەی ٢٠١٩ی تورکیا کە هەسەدەی بەئامانج گرت لەسەرێکانی و گرێ سپی رووبەڕووی رەخنە بووەوە لە واشنتن، بەجۆرێک ئەندامانی کۆنگرێس داوایان کرد ئەردۆغان سزا بدرێت.
ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەشیکی زۆری واشنتنی شۆک کرد بە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا و رێدان بەتورکیا بۆ چوونە ناوەوە ئەمەش دەرگای کردەوە بۆ ئەو هەڵمەتەی رەخنەگەران ناویان لێنا پاکتاوی نەژادی هاوپەیمانە کوردیەکان لە ناوچەکە و تێکدانی هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی داعش.
دواتر ترەمپ بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوەو سەربازە ئەمریکییەکانی رەوانەی رۆژهەڵاتی قامیشلۆ کرد و سزای بەسەر تورکیادا سەپاند هەتا ئەو کاتەی کە رێیکەوتن کرا لەنێوان هەردوولا و ئاگربەست راگەیاندرا. لەوکاتەوە، ئیدارەی بایدن ئەوە بۆ کۆنگرێس دووپات دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەسەدە و رووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە ئەگەر هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانە کوردەکەی.
جێفری دەڵێت ئیدارەی بایدن وەک ئیدارەکەی ترەمپ نابێت و هیچ ئۆپراسیۆنێکی تورکیا فەرامۆش ناکات ئەگەر هێرش کردنەسەر هەسەدە لەخۆبگرێت.
«هەرشتێك رووبدات وەک هێرشەکەی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بۆ سەر هەسەدە، پێشێلکارییەکی روون دەبێت لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەی ١٧ی تشرینی یەکەم لەنێوان ئەمریکاو تورکیا»، جێفری وای وت.
«ناتوانم بیر لەوە بکەمەوە کە ئیدارەی بایدن کەمتر لە ئیدارەی ترەمپ ئەنجام بدات کە خێرا سزای بەسەر تورکیا سەپاند، بەڕەچاوکردنی ئەو لاوازییەی ئابوری ئێستای تورکیا، کە لە قۆناغێکی خراپتردایە وەک دوو ساڵ لەمەوبەر، سزا خستنەسەری کاریگەرییەکەی گەورەی دەبێت»، جێفیری وا دەڵێت.
جگە لە سزادان، توڕەکردنی ئەمریکا هەوڵەکانی ئەنقەرەش تێکدەدات بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف-١٦ی ئەمریکی کە تورکیا زۆر پێویستییەتی بۆ هێشتنەوەی فشارەکانی لە هەرێمەکەدا. ئەندامانی کۆنگرێس چەندین جار ئەوەیان دووپات کردووەتەوە و نامەیان ئاراستەی ئیدارەی بایدن کردووە کە فرۆكەی ئێف-١٦ بە تورکیا نەفرۆشێت بەهۆی کڕینی سیستەمی ئێس-٤٠٠ی روسی لەلایەن ئەردۆغانەوە.
«ئەگەر لەشکرکیشی رووبدات، ئەوا دەرگاکانی پەسەندکردنی فرۆشتنی ئێف-١٦ لەلایەن کۆنگرێسەوە بەتەواوەتی دادەخرێن»، جاگەپتای وای وت.
بەڵام جێفری پێیوایە هێرش بۆ سەر تەل رەفعەت سەرنجی ئەمریکا راناکێشێت بۆ لای خۆی چونکە لەلایەن یەپەگەوە کۆنترۆڵ کراوە کە واشنتن دەڵێت گروپێکی جیاوازە لەهەسەدەی هاوپەیمانی.
جێفیری پێیوایە، لەکاتێکدا شاری کۆبانێ رەنگە جەنگێکی کۆڵان بەکۆڵانی تێدا دروست بێت کە توررکیا ئەوەی ناوێت، بەڵام بە رێککەوتنی لەگەڵ روسیا دەتوانێت تێیپەڕێنێت و لکاندنی جەرابلوس بە گرێ سپییەوە ئەگەرێکی ترە.
رەنگە روسیا لە حەقی ئەوەدا شتێکی بوێت کە ئەگەری زۆرە هەندێک ناوچە بێت بەدرێژایی رێگای خێرای ئێم-٤ لە باشوری رۆژهەڵاتی ئیدلیب. بەپێی وتەی جێفری، هەر رێککەوتنێك لەگەڵ روسیەکان کە لەدەستدانی خاکی زیاتر بێت بۆ تورکیا جەنگێکی قورس دەبێت ئەگەر بڕوانینە دانوستانەکانی پێشوو ئەوا بەجوانی دەردەکەوێت.
«لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ روسیەکان – ناچمە وردکارییەکانەوە – بەڵام بڕوام پێ بکەن ئەوان زۆر زۆر زۆردارن (فیز دەکەن و فەرمان دەکەن) و ئاماژەیان بەوە کردووە دەستدرێژی زیاتری تورکیایان ناوێت لەسەر خاکی سوریا و من دەزانم کە ئەسەدیش زۆر بەتوندی دژی ئۆپەراسیۆنە»، جێفیر وای وت.