سەرۆکی حکومەتی پۆڵەندا پەیوەندی بە مەسرور بارزانیەوە دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشت و باسیان لە پرسی کۆچبەرانی سەر سنووری وڵاتەکە لەگەڵ بێلاڕووس کرد، لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "هەردوولا هاوڕا بوون کە کۆچبەران، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون و بوونەتە قوربانی تاوانێکی رێکخراو".

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ماتێیۆش مۆراڤیتسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشت. بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە پەیوەندییەکەدا دۆخی کۆچبەرانی سەر سنووری بیلاڕوسیا - پۆڵەندا تاووتوێ کراوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربارەی رەوشی ناهەمواری ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەنێویاندا منداڵیش هەن و لە بارودۆخێکی سەختدان".

 

سەرۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و باشترکردنی بارودۆخیان و سەلامەتییان دووپاتکردەوە، وتیشی "بەداخەوە ئەو کۆچبەرانە، بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و ناکۆکیی نێوان بیلاڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا". ئاماژەی بەوەش داوە، هەرێمی کوردستان ئێستا پەناگەیەکی ئارامە بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر.

مەسرور بارزانی و ماتێیۆش مۆراڤیتسکی گفتوگۆیان دەربارەی رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانە کرد، هەردوولا هاوڕابوون کە "کۆچبەران، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون و بوونەتە قوربانیی تاوانێکی رێکخراو"، لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ستایشی ئەو رێکارانەی کرد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، هەروەها گرتنەبەری پشکنین و رێکاری تووند و پێویست لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش دەربڕیوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو رێکارانەی پێویستن بۆ "رێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ"، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە بێلاڕووس، پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا، "ئەرک و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی خۆیان لە رێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بۆ گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە و بەهاناوەچوونی کۆچبەران جێبەجێ بکەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار