سەرۆکی حکومەتی پۆڵەندا پەیوەندی بە کازمیەوە دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



 

  هاوڵاتی

سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوشانە پۆڵەندییەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسیان لە دۆخی کۆچبەران لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا - پۆڵەندا کرد.

نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ماتێیۆش مۆراڤیتسکی, سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشتووە و هەردوولا باسی چەند پرسێکیان کردووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی مستەفا کازمی، هەردوولا باسیان لە پەیوەندیی دوو قۆڵی عێراق و پۆڵەندا و عێراق و یەکێتی ئەوروپا کردووە و باسیان لە پەرەدان بەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکان کردووە.

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو پەیوەندییەدا تاووتوێی رێگەچارەکانی نەهێشتنی ئەو ئازار و نەهامەتییانە کراوە کە عێراقییە گیرخواردووەکانی سنووری پۆڵەندا بەدەستیانەوە دەناڵێنن؛ جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت ئەو کۆچبەرانە شکۆیان بپارێزێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.

بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەت سوورە لەسەر وەبەرهێنانی پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا لەپێناو هاوئاهەنگیی زیاتری هاوبەش لە داهاتوودا.

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە هەزاران کۆچبەر لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا - پۆڵەندا گیریانخواردووە. 

هەروەها رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 یەکەم کاروانی بەشێکی ئەو کۆچبەرانە ئارەزوومەندانە گەڕانەوە عێراق و 95%یشیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار