خۆپێشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستیپێکرد

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لایەنگرانی حەشدی شەعبی ماوەی مانگێکە لە نزیک ناوچەی سەوزی بەغدا خۆپێشاندان دەکەن و بەشێکیشیان مانیان گرتووە.
مانگرتوان مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جنین پلاسخارت و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە فێڵێان لێکردوون و ھۆکارێک بوونە تاوەکو دەنگی کەم لەم ھەڵبژاردنە بھێنن، بۆیە داوای دوور خستنەوەیان دەکەن، ھۆشداریش دەدەن لەئەگەری جێبەجێنەکردنی داوکارییەکانیان رێگەی دیکە دەگرنەبەر.
مانگرتن و خۆپێشاندانەکان لەژێر رێوشوێنێکی تووندی ئەمنی بەڕێوەچوو سەرجەم ئەو پردانەی نزیکی دەرگاکانی ناوچەی سەوزن بە کۆنکرێت داخران، رێگری لەژمارەیەک لایەنگری حەشدیش کرا کە لەپارێزگاکانی دیکەوە ھاتبوون بۆ بەشداریکردن بەڵام ئەمانە رێگر نەبوون لەبەردەوامیی و فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان.
ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان، یان دووبارکردنەوەی ھەڵبژاردن دوو داوای سەرەکین کە لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگیی پێشکەشکراون و لایەنگرانیان ناردووەتە سەر شەقامەکان بە ئامانجی جێبەجێکردنی.
