ئۆکرانیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک لە کۆچبەران دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئۆکراینا رۆژی هەینی هۆشداریی دایە ئەو کۆچبەرانەی کە بە لێشاو رویان لە بیلاڕوسیا کردووە و دەیانەوێت لەوێوە بگەنە خاکی یەکێتی ئەوروپا و دەڵێت، لەو وڵاتەوە نەچنە خاکی ئۆکراینا؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر کۆچبەران ئەو کارە بکەن ئەوا هەموو هۆکارێکی پێویست بۆ گێڕانەوەیان دەگرنەبەر، لەنێویاندا "بەکارهێنانی چەک".
هەزاران کۆچبەر چەند مانگێکە لە هەوڵی ئەوەدان لە بیلاڕوسیاوە بچنە خاکی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی سنووری پۆڵەنداوە رێگرییان لێکراوە و گەڕێندراونەتەوە، هەروەها لاتیڤیا و لیتوانیاش رێگەیان پێنادەن خاکەکەیان لەلایەن کۆچبەرانی نایاساییەوە بەکاربهێندرێت.
دێنیز مۆناستیرسکی، وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا رایگەیاندووە، هەر هەڕەشەیەک لەسەر سنوورەکانیان دروستببێت، لەنێویاندا دروستکردنی هەڕەشە لەلایەن کۆچبەرانەوە، "هەموو هۆکارێک دەگرینەبەر بۆ پاراستنی سنوور، لەنێویاندا بەکارهێنانی چەک".
سەرەتای هەفتە پۆڵەندا گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەرامبەر ئەو کۆچبەرانە بەکارهێنا کە هەوڵی چوونە نێو پۆڵەندایان دەدا.
یەکێتی ئەوروپا ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا و روسیای پاڵپشتی سەرەکی سیاسی و دارایی تۆمەتباردەکات بەوەی لەپشتی قەیرانی کۆچبەرانی سەر سنوورەکانی یەکێتییەکەوەن؛ بەڵام ئەو دوو لایەنە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و رەخنە لە پۆڵەندا و یەکێتییەکە دەگرن لەوەی کۆچبەران وەرناگرن.
وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا رایگەیاندووە، رووسیا دەتوانێت قەیرانی کۆچبەران "بە مەبەست" ئاراستەی سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ بیلاڕوسیا بکات؛ دەشڵێت، ئامادەکاری بۆ ئەو دۆخە دەکەن، بە گوتەی ئەو دۆخەکە لەسەر سنوور ئێستا لەژێر کۆنترۆڵدایە.
هەفتەی پێشوو ئۆکراینا رایگەیاند، هەزاران پاسەوانی سنوور و هێزی ئەمنیی لەسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ بیلاڕوسیا بڵاوکردووەتەوە، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەر قەیرانێکی کۆچبەران کە رووبەڕوویان ببێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 بە فڕۆکەیەکی تایبەت، 431 کۆچبەر گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان و عێراق کە نزیکەی 95%ی کۆچبەران کورد بوون. بە گوتەی پەرلەمانتارێکی کوردستان کە دەڵێت قسەی لەگەڵ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە رووسیا کردووە، هەزار بۆ هەزار و 500 کۆچبەری دیکەش ناویان نووسیوە بۆئەوەی بگەڕێنەوە.
