عێراق: كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەكاتی خۆیدایە و درێژ نەكراوەتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگهیاند:" درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق راست نییە و هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە وادەی دیاریکراو دەکشێنەوە".
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق، رەتیکردەوە کە عێراق ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا درێژبکاتەوە، ئەو دەنگۆیانەی کە لەوبارەوە هەن راست نین.
جەختیکردەوە، دوا وادە بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی ئەمساڵە و گۆڕانکاری لەکاتە نەکراوە.
خەفاجی وتیشی: "دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەندیی و هەماهەنگی واشنتن و بەغدا بەردەوام دەبێت لە بواری راهێنان و پڕچەک کردنی هێزەکانی عێراق، هەروەها لە بواری هەواڵگری بۆ چاودێریکردن و دەرخستنی شوێنی چەکدارانی داعش".
پێشتریش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، رۆڵی هێزەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، بەڵکو راوێژکارانیان لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق بەردەوام دەبن.
