ئەمریکا: دژی هەر هەوڵێك دەوەستینەوە سەروەری عێراق پێشێلبكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جەخت لە پشتیوانی وڵاتەکەی لە سەروەری عێراق دەکاتەوە و دەڵێت:"کاردەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرهەڵنەدانەوەی داعش".
ئەمڕۆ شهممه 20ی تشرینی دووهمی 2021، لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە سەرکردەکانی جیهان باسی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە رایگەیاند: "لەگەڵ هاوبەشانمان بەردەوام دەبین لە شەڕی تیرۆر تاوەکو دڵنیابین داعش سەرهەڵناداتەوە، بەردەوامیش دەبین لە دابینکردنی ئازادی ئاسایشی گەڕان لە نێو دەریادا لە ناوچەکەدا ، هەروەها بەردەوام دەبین لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و جەختکردنەوە لە شەڕی تیرۆر، سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییەی لە کارەکانمان لە ئەفغانستان کردمان".
ئۆستن لەبارەی دۆخی عێراقیشەوە هۆشداریی دەداتە ئەوانەی هەوڵدەدەن سەروەریی عێراق پێشێل بکەن و دەڵێت: "پشتیوانی لە سەروەری و سەربەخۆی عێراقیش دەکەین و دژی هەر هەوڵێکیش دەوەستینەوە پێشێلی بکات."
لەبەشێکی قسەکانیدا تایبەت بە ئێران، ئۆستن بە ئاشکرا دژایەتیی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر "کردەوەکانی" ئێران دەربڕی و رایگەیاند: "دەمانەوێت ئازادی سووڕانەوەی نێو دەریا لەو ناوچەیە دابین بکەین، پشتیوانی لە خەڵکی لوبنانیش دەکەین. ئەوەش مانای پاراستنی بەرژەوەندی و کاری هاوبەش و پاراستنی دۆستانمانە، مانای پاراستنی بەها دیموکراسییەکانە و هیواخوازین گۆڕانکاری خێرا لەوبارەوە ببینین".
