مەسرور بارزانی لەبەحرەین كێشەی كۆچبەران تاوتوێدەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەنامەی بەحرەین بە کۆبوونەوە لەگەڵ میگێل بێرگەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ شهممه 20ی تشرینی دووهمی 2021، نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەگەڵ میگێل بێرگەر وەزیری دەولەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لە سەر سنوری بێلاروسیا و پۆڵندا کرا.
وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا ، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو رێکارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و هەروەها رێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کران.
رۆژی هەینی 19-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی وەفدێکی حکومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "دایەلۆگی مەنامە 2021" کە رۆژانی 19-21ی تشرینی دووەم بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتمەدار، بیرمەند، خاوەنکار و کەسایەتيی ناسراوی جیهان بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەکرێت.
