لە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن ئوتۆمبێلی زیادە هەیە

وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم: زۆربەی هۆكاری روداوەكان شۆفێرانن

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن 

وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند:"هۆكاری سەرەكی روداوەكان شۆفێران خۆیانن كە تیژڕەویی و بەكارهێنانی موبایل وا دەكات توشی روداو بن و دەڵێت:" بەپێی ستاندارە جیهانیەكان هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن ئوتۆمبێلی زیادە".

ئەسعەد مەلا كەریم، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" هۆكاری سەرەكی زیادبونی روداوەكان لەهەرێمی كوردستاندا سێ هۆكارن( شۆفێران- ئوتۆمبێل-رێگاوبانەكان) كە زیاترینیان شۆفێرانن خۆیانن بە هۆی زۆری بەكارهێنانی موبایل و تیژرەوییەوە توشی روداو دەبن".

رۆژی 21ی نۆڤێمبەر بە رۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ ناسراوە.

وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم وتيشى:" تاكە هۆكاری كەمكردنەوەی روداوەكان شۆفێران خۆیانن كە دەبێت زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بن بۆ كەمركدنەوەی حاڵەتەكانی مردن و بریندار بوون".

ئەسعەد مەلا كەریز زیاتر رونیكردەوە و وتی:" بمانەوێت روداوەكان كەمبنەوە دەبێت هۆكاری گواستنەوەی گشتی زیاد بكرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان كەمتر ئوتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەكاربهێنن".

بەپێی ستاندارە جیهانیەكان كە لەسەر ژمارەی دانیشتوان و كوالێتی شەقامەكان دیاریدەكرێت لەو وڵاتەدا چەند ئوتۆمبێلی پێویستە، وتەبێژەكەی هاتوچۆی هەرێم جەختی لەوە كردەوە " هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن ئوتۆمبێلی زیاترە لە پێویستی خۆی و شەقامەكان".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 3 هەزار و 509 روداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان رویانداوە؛ لە ئەنجامی کۆی روداوەکاندا 530 کەس گیانیان لەدەستداوە و 6 هەزار و 26 کەسیش برینداربوون. زیاتر لە یەك ملیۆن و نۆ سەد و چل و حەوت هەزار و دوو سەد و حەفتا و دوو ئوتۆمبێل لەهەرێمی كوردستاندا هەیە.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار