وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە وەزیری بەرگریی توركیا دەكات مێژووی عوسمانیەكان بخوێنێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی قسەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا دەداتەوە کە وتبووی "شوێنێک نییە بە ناوی کوردستان" و دەڵێت" ئەگەر ئەم بەڕێزە لە بوونی جوگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە".

ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 21ی تشرینی دووه‌می 2021، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وتەكانی خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە. بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا رێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیوگرافی بكات كە لە راستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە. ئەو بەڕێزە خۆشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و پێمان ناڵێ ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی چییە؟".

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەگەر ئەم بەڕێزە لە بوونی جوگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە، ئینجا بۆی دەردەكەوێ كوردستان هەیە یان نییە. عەقلیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جیۆگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات".

هەفتەی رابردوو، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی 2022ی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رێکخرابوو، تۆلای حاتیمۆگلەری ئۆروچ، پەرلەمانتاری هەدەپە پرسیارێکی ئاراستەی خوڵوسی ئاکار کرد سەبارەت بە راستی و دروستی ئەو راپۆرتانەی باسی بەکارهێنانی چەکی کیمایی دەکەن لە کوردستانی عێراق.

بەڵام خوڵوسی ئاکار بەناوهێنانی کوردستان تووڕە بوو  و قسەی بە پەرلەمانتارەکەی هەدەپە بڕی و گوتی: "لە تورکیا یان لە دەرەوەی تورکیادا، هیچ هەرێمێکی جوگرافی نییە بە ناوی کوردستان". 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار