ئەرشەد سالحی: ئێمە دەبینە حاکمی کەرکوک

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کاندیدی دەرچوی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند:" جوگرافیای کەرکوک هی ئێمەیە و ئەمانەتی مستەفا کەمال ئەتاتورکە”. دەڵێت:" ئێمە دەبینە حاکمی ئەو جوگرافیایە".
ئەمڕۆ یەک شەممە 21ی تشریتنی دووەمی2021، ئەرشەد سالحی کاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ شاری ساکاریا-ی تورکیا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ نەژادپەرستەکانی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند:” بۆ ئێمە ئەنقەرە چی بێت، کەرکوکیش هەمان شتە”، باسی لەوەشکرد، کەرکوک لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە “ئەمانەت”ی ئەوان کراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هەڕەشەی لە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا کرد و ڕاشیگەیاند:”هەنگاوی هەڵە نەهاوێن، ئەگەر ئێوە هەر هەنگاوێکی هەڵە بهاوێن، ئەوا ئەو جوگرافیایە پارچە دەبێت، هەرچی دەبێت با ببێت دەبێت دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەو جوگرافیایە لەژێر دەستی ئێمەدابێت، ئەو جوگرافیایە هی ئێمەیە”.
ئەرشەد سالحی درێژەی بە هەڕەشەکانی لەسەر شاری کەرکوک دا و ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە:”ئێمە ئەو جوگرافیایە بۆ ئێوە ناکەینە ماڵ، ئێمە دەبینە حاکمی ئەو جوگرافیایە”.
كەركوك یەكێكە لە ناوچەن كێشە لەسەرەكان و ماددەی 140 كە ئێستا زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردە و بەشێكی تورك و عەرەبە.
پێشتر، تۆلای حاتیمۆگلەری ئۆروچ، پەرلەمانتاری هەدەپە پرسیارێکی ئاراستەی خوڵوسی ئاکار کرد سەبارەت بە راستی و دروستی ئەو راپۆرتانەی باسی بەکارهێنانی چەکی کیمایی دەکەن لە کوردستانی عێراق. بەڵام خوڵوسی ئاکار بەناوهێنانی کوردستان تووڕە بوو و قسەی بە پەرلەمانتارەکەی هەدەپە بڕی و گوتی: "لە تورکیا یان لە دەرەوەی تورکیادا، هیچ هەرێمێکی جوگرافی نییە بە ناوی کوردستان".
