بێلاڕوسیا: لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەشتێکی دیکە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران ئامادە دەکەین
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند:"ئامادەکاری دەکەن بۆ رێکخستنی گەشتێکی دیکەی ئاسمانی لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران.
ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند:" نایەوێت وڵاتەکەی لەگەڵ پۆڵەندا بەهۆی پرسی کۆچبەرانەوە تووشی پێکدادان ببێت، کە پێدەچێت سەربکێشێت بۆ جەنگ.
سەرۆکی بێلاڕووس ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەست بە پرسی کۆچبەران، چاوەڕێی وەڵامی یەکێتیی ئەوروپان بۆ وەرگرتنی 2000 کۆچبەر، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردوون، دەشڵێت، "ئێمە دەبێت داوا لە ئەڵمانیا بکەین کۆچبەران وەربگرن".
لوکاشێنکۆ ئەوەی خستووەتەڕوو کە پێویستە پۆڵەندا بیر لە چۆنێتی گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا و چین بکاتەوە ئەگەر رێگەی شەمەندەفەری سنوورەکەی دابخات، دەشڵێت "ئەوان چین و رووسیا تووندن و بە خێرایی وەڵامی پۆڵەندییەکان دەدەنەوە". هەر لەوبارەیەوە سەرۆکی بێلاڕووس گوتووشیەتی، "هەڕەشەکانی پۆڵەندا بۆ داخستنی رێگەی شەمەندەفەر، بێلاڕووس دەتوانێت کاردانەوەی پێچەوانەی هەبێت و پێویست بەوە بکات کە رێگەکەی بگوازێتەوە بۆ ئۆکراینا".
پێشتر لوکاشێنکۆ لەبارەی دەرەنجامەکانی هەڕەشەکان لە دژی وڵاتەکەی، هۆشداریی دایە سیاسییەکانی پۆڵەندا لە داخستنی سنووری ئەو وڵاتە و گوتیشی، "ئەگەر دەتانەوێت ئەو کارە بکەن، کەوایە بیکەن. ئەگەر پێتانوایە کە ئەوە چارەسەرێکی باشترە، کەوایە بەردەوامبن".
وڵاتانی رۆژئاوا بێلاڕووس بەوە تۆمەتباردەکەن کە کۆچبەرانیان بردووەتە سەر سنوورەکانی ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا سنووری پۆڵەندا و لیتوانیا و بەڵێنی پەڕینەوەی ئاسانیان بۆ نێو خاکی یەکێتییەکە پێداون. بێلاڕووسیش ئەوە رەتدەکاتەوە و رەخنە لە یەکێتیی ئەوروپا دەگرێت کە کۆچبەران وەرناگرێت.
سەرۆکی بێلاڕووس باسی لەوەش کرد، "ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنی پێداوم کە تاوتوێی کێسەی کۆچبەران لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، بەڵام نەیانکردووە".
