مەسرور بارزانی و فەرەنسا رێککەوتن تیمێکی تەکنیکی لە پاریسەوە سەردانی هەرێم و بەغدا بکات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە  دۆخی کۆچبەرانی سەر سنوری  و پۆڵەندا و مانەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاووتوێ کرد رێککەوتن کە تیمێکی تەکنیکی لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات.

لەبارەی دۆخی کۆچبەرانەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاوڕابوون کە "ئەوان بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و گەمەیەکی سیاسی".

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گەڕانەوەی سەدان کۆچبەر بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق داوە و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕیوە بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەپێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی ماون.

مەسرور بارزانی داوایشی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کردووە "رۆڵی خۆیان لە گەیاندنی فریاگوزاری بەو کۆچبەرانەی لە سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا گیریانخواردووە، بگێڕێت".

وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە پێزانینەوە باسی لەو رێکارانە کردووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگییان کرد و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیان دا".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە تیمێکی تەکنیکی لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری رێکاری پێویست. هەردوولاش هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار