سهنتهری میترۆ: هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی رەتدەكەینەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سهنتهری میترۆ بۆ داكۆكی له مافی رۆژنامهنووسان رایگهیاند:" سەرهەڵدانەوەی رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەبنە هۆكاری پشێوی، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانەی خوێنكارانی زانكۆ كە داوای لانی كەمی مافەكانیان دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووهەمی 2021، لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبوونەوەی نارەزایەتیان ئەنجامدا.
لەم چوارچێوەدا لەبەردەم زانكۆی سلێمانی، بەشێك لە خوێنكاران گردبووەنەوەیەكیان رێكخست، شەقامی سەرەكی شاریان داخست، داوای دەرماڵەكانیان دەكرد كە ماوهی چهند ساڵێكه راگیراوه.
سهنتهری میترۆ بۆ داكۆكی له مافی رۆژنامهنووسان له راگهیهندراوێكدا رایگهیاند: هیچ دڵنیاكردنەوەیەكی رەسمی بۆ ئەو داخوازیانە رانەگەیهنراوە، بهڵام هێزە ئەمنییەكان داری كارەبایی و گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر بە خوێندكاران بەكارهێناوە، بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێك و میدیاكارێك ئازاریان پێگەیشتووە.
سەنتەری میترۆ دهڵێت: "هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی رەتدەكەینەوە پێمان وایە سەرهەڵدانەوەی رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هۆكاری پشێوین، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانەی خوێنكارانی زانكۆ كە داوای لانی كەمی مافەكانیان دەكەن".
