ئەمریکا هۆشداری توند دەداتە ئەمریکیەکان لەکاتی گەشتکردن بۆعێراق؛ گەشت مەکەن یان کە گەشتیان کرد وەسێتەکەتان بنوسن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوا لە هاووڵاتییانی دەکات گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن. ئەگەریش هە گەشتەکەتان کرد، وەسیەتنامە بنووسن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە 22-11-2021 لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لەبەر چەند هۆکارێک سەردانی عێراق نەکەن. وەک لە ئیمەیڵەکەدا هاتووە: "بەهۆی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، ئاڵۆزی سیڤیل، پەتای کۆڤید-19 و توانا سنووردارەکانی ئەو وڵاتە لە پاراستن و پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکی، سەردانی عێراق مەکەن".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیمەیڵەکەدا بە روونی داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات ئەوانەیان کە نیازیان هەیە سەردانی عێراق بکەن، بەر لە گەشتکردنیان ئاگاداری چەند خاڵێک بن و چەند هەنگاو و رێکارێک بگرنەبەر و پلانی تایبەتیشی بۆ ئامادە بکەن.
لە ئیمەیڵەکدا هاتووە: "ئەگەر بڕیارتدا سەردانی عێراق بکەیت، ئەوا دەبێت چەند کارێك بکەی، ئەوانیش: بە وردی تەماشای ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، تایبەت بە پەتای کۆڤید-19 بکە؛ چاوێک بە ماڵپەڕی ئاژانسی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی تایبەت بە "گەشتکردن و کۆڤید-19"دا بخشێنەوە؛ تەماشای ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە گەشتکردن بۆ ناوچە زۆر مەترسیدارەکان بکەن".
لە چوارچێوەی ئەو پێشنیازانەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خستوونییەتە بەردەم هاووڵاتییەکانی "ئامادەکردنی وەسیەتنامەیە" لەلایەن گەشتیارەوە. هەروەها دەستنیشانکردنی ناوی ئەو کەسانەی، کە لەدوای گەشتیارەکە مافی وەرگرتنی پارەی "دڵنیایی تەندروستی" هەیە. داواش دەکات گەشتیارەکە بەر لە رۆیشتنی بۆ عێراق "پارێزەرێك بکاتە بریکاری خۆی" بۆ راپەڕاندنی کار و ئەرکەکانی تایبەت بە وەسیەتنامەکەی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت پێویستە لەسەر ئەو کەسەی، کە نیازی هەیە سەردانی عێراق بکات لەگەڵ کەسانی نزیک لەخۆی تاوتوێی بابەتی گرنگیدان و لەخۆگرتنی منداڵەکانی، ئاژەڵە ماڵییەکان، موڵک و سامان و کەلوپەلی تایبەت بکات، هەروەها لەبارەی چۆنیەتی رێکخستنی رێوڕەسمی پرسەی گەشتیار لە ئەگەری مردنی لە عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات: "بەڵگەی گرنگ، زانیاری و ژمارەی تەلەفۆنی هەندێک دامەزراوە و کەسانی پەیوەندیدار لە ئەمریکا رادەستی کەسانی نزیکی خۆیان بکات تاوەکو لە ئەگەری دواکەوتنیان لە گەڕانەوە لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا، کەسانی نزیک لێی کار و ئەرکەکانی راپەڕێنن.
هەر لە ئیمەیڵەکەدا داوا لە ئەمریکییەکان کراوە بەر لە گەشتکردنیان بۆ عێراق پلانی تایبەت بە دابینکردنی ئاسایشی خۆیان لەنێو عێراقدا ئامادە بکەن، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارمەندانی کەسی گەشتیار (ئەگەر کارمەندی لەژێر دەستدا هەبێت) یاخود بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو لایەن و دامەزراوە عێراقییەی کە بڕیارە گەشتیاری ئەمریکی سەردانی بکات، یان "بیر لە راوێژکردن لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئاسایش بکرێتەوە بۆ چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایش لە شوێنە مەترسیدارەکان".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات خۆیان بە دوور بگرن لە ناوچەکانی خۆپیشاندان و بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، ئەگەر بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕێنەکراو کەوتنە نێو قەرەباڵخی یان خۆپیشاندانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ناوی خۆیان لە "بەرنامەی زیرەک تایبەت بە گەشتیاران" تۆماربکەن، تاوەکو دوا زانیاری و هۆشیارکردنەوەکانی وەزارەتی دەرەوەیان بەدەستبگات و وەزارەتیش ئاگاداری شوێنی گەشتیاران ببێت.
داواش لە گەشتیارانی ئەمریکی بۆ عێراق دەکات بەردەوام چاویان لەسەر فەیسبووک و تویتەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بێت و بە وریاییەوە راپۆرتی وەزارەتەکە تایبەت بە "تاوان و ئاسایش"ی عێراق بخوێننەوە، سەرجەم ئەو ئەمریکییانەی کە گەشت بۆ دەرەوەی ئەمریکا دەکەن پلانێكی تایبەت بە بارودۆخە نائاسایی و نەخوازراوەکانیان هەبێت
