15 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارودۆخی عێراق دەكۆڵنەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق کۆدەبێتەوە، 15 وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە گوێ لە راپۆرتی جێنین یانس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەگرن و تێیدا چەندین بابەت دەخرێنەڕوو، لەوانەش:
- گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق
- رێگەکانی هاوکاریکردنی عێراق لە سەقامگیرکردنی بارودۆخی سیاسی
- پێشكێشکردنی راوێژ بە عێراق بۆ هێورکردنەوەی شەقامە تووڕەکەی
- تاوتوێکردنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و چۆنیەتی نزیککردنەوەی لایەنە جیاجیاکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق بە خاڵێكی وەرچەرخانی هەستیاردا تێدەپەڕێت کە داهاتووی ئەو وڵاتە بە ئاراستەیەکی نادیاردا دەبات. چەند هەفتەیەکیشە لە بەشێک لە شارەکانی عێراق خۆپێشاندانی بەشێک لە لایەنە شیعەکان دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکرێت. هەینیی رابردوو خۆپێشاندەران تەنانەت داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانیان دەکرد.
