هێمن هەورامی: دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیەکە و باوەڕناکەم هیچ لایەنێک بیەوێت بەرپرسیاریەتی بخاتەسەر شانی خۆی، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت".

​ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووه‌می 2021، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" سەرۆکایەتی پەرلەمان لەم کاتەدا هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ نزیک کردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، چونکە "دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیەکە و باوەڕناکەم هیچ لایەنێک بیەوێت بەرپرسیاریەتی بخاتەسەر شانی خۆی، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت".

هێمن هەورامی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئێمە پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکەین و ناکرێت هەڵبژاردن دوابخرێت، هەروەها بەباشی دەزانین هەڵبژاردنەکە بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەسوود وەرگرتن لە توانا تەکنیکییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام بدرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان کار دەکات بۆ نزیک کردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، لەم بوارەشدا پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لەنوێنەری لایەنەکان، دادوەران یان کەسانی سەربەخۆ هەموویان پەسەندکراون، بەو مەرجەی لایەنەکان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە سازان و رێککەوتن.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، بابەتی کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان ناکۆکە لەگەڵ دوو یاسای بەرکار لەهەرێمی کوردستان ئەوانیش یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان و یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە کە داوا دەکات مافی پێکهاتەکان لەکۆمسیۆن گەرەنتی بکرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار