فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی پشتیوانی خوێندكاران دەكەن

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی

فراكسیۆنی یەكێتی و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی لەداخوازییەكانی خوێندكاران دوپاتدەكەنەوە و داواش لە خوێندكاران دەكەن بە شێوەیەكی مەدەنی و شارستانیانە خۆپیشاندان بكەن و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ئارام بن و دان به‌خۆیاندا بگرن.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووه‌می 2021، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پشتیوانی لە داخوازییەكانی خوێندكاران دەكەین و پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو یاداشتانەی كە لە پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی دابینكردنی دەرماڵەكان ئەنجامدراوە حكومەت كاری لەسەربكات و جێبەجێی بكات. 

هیواشی خواست خۆپیشاندانەكان كۆتایی پێبێت و چیدی توندوتیژی لێنەكەوێتەوە و داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكات خۆراگڕ بن و خۆپیشاندەران پارێزراو بن و توندوتیژی بەرامبەریان نەكرێت، چونكە ئەوانە خوشك و برا و كوڕ و كچی ئێمە و كەسوكاری ئێمەن و داوای مافێكی ڕەوای خۆیان دەكەن. 

زیاد جەبار داوای لە خۆپیشاندەران كرد بە ئارامی و مەدەنیانە خۆپیشاندان بكەن بۆ ئەوەی توندوتیژی لێنەكەوێتەوەو پێی راگه‌یاندن كه‌ وەزیری خوێندنی باڵا داواكارییەكانی خوێندكارانی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردوه‌تەوە و دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات و لەوێوە تەوسییەی وەزارەتی دارایی بكرێت بۆ خەرجكردنی دەرماڵەكان و سێ یاداشت بەرز كراوەتەوە و 48 ئەندامی پەرلەمان ئیمزایان كردووە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان سەبارەت بەو بابەتە.

هاوكات زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: دوێنێ به‌ واژووی 50 په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، یاداشتێكیان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان ساز بكرێت و به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ردوو وه‌زیرانی دارایی و خوێندنی باڵا، تاووتوێی پرسی ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران بكرێت.

وتیشی: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ داواخوازی ره‌وای خوێندكارانین، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك گرژی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی دۆخی خۆپیشاندانه‌كانیان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا برد لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت".

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ساڵی 2014 و دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران راگیراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار