ئوردن و ئیسرائیل رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی وزە و ئاو واژۆ دەکەن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 ئوردن وزەی کارەبا دەداتە ئیسرائی،  ئەم وڵاتەش ئاوی پاک و شیرینی خواردنەوە دەداتە ئوردن.

رۆژی دووشەممە 22-11-2021  نوێنەرانی ئوردن و ئیسرائیل بە چاودێری ئەمریکا لە شاری دوبەی ئیمارات "رێککەوتنێكی سەرەتایی" تایبەت بە "ئاڵوگۆڕکردنی وزە و ئاو"یان واژۆکرد.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئیمارات لە پاڵ ئوردن و ئیسرائیل، بەشداری لە دابینکردنی خەرجی پرۆژەکەدا دەکات، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵسەنگاندن بۆ "کەڵکی ئابووری"ی پڕۆژەکە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر وادەی جێبەجێکردنی نەدراوە. بەگوێرەی پێوەری نێودەوڵەتیی بۆ سەرچاوەکانی ئاو، ئوردن دووەم وڵاتی جیهانە لەڕووی کەمی ئاوەوە، بەڵام هاوکات خاوەن کەشوهەوایەکی پڕ خۆر و وشکە، کە یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی وزە لە رێگەی خۆرەوە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە توانا تەکنەلۆژییەکەی لە بواری شیرینکردنی ئاو، توانای هاوکاری ئوردنی هەیە و دەتوانێت لە دەریای تیبیریە، ئاوی شیرین بۆ ئوردن دابین بکات.

دابینکردنی وزە لە رێگەی خۆرەوە پێویستی بە دروستکردنی وێستگەی تایبەت هەیە، کە ئیمارات ئەو وێستگەیە دروست دەکات.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئوردن ساڵانە 600 میگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت و دەیداتە ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی شیرین دەداتە ئوردن.

وەزارەتی وزەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێكدا ئاشکرایکرد: "هەموو دانیشتووانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سوود لەو رێککەوتنەی نێوان ئیسرائیل و ئوردن دەبینن، ئەمە پەیامێکە بۆ جیهان لە پێکەوەکارکردنی وڵاتان لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا".

وەزارەتی ئاو و ئاودێریی ئوردن رایگەیاند، رێککەوتنەکە ناچاری نییە و هیچ دەرهاویشتەیەکی یاسایی بەدواوەوە نییە و هەر کاتێك ئیسرائیل بڕە ئاوی ساڵانەی رەوانەی وڵاتەکەی کرد، ئەو کاتە رێککەوتنەکە چالاک دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە پێچەوانەوە ئوردن پابەندی هیچ شتێك نابێت.

ئەمە یەکەمجار نییە لە نێوان ئوردن و ئیسرائیل رێککەوتنی کڕین و فرۆشتنی ئاو بکرێت، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، رێککەوتنێكی نوێ واژۆکرا و تێیدا ساڵانە ئیسرائیل بڕی 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاو  بە ئوردن دەفرۆشێت؛ ئەوە سەرباری ئەو 55 ملیۆن مەتر سێجایەی کە ساڵانە ئیسرائیل لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاشتی ساڵی 1994، بە ئوردنی دەفرۆشێت و بۆ هەر یەک مەتر سێجایەک ئوردن یەک سەنتی ئەمریکی دەداتە ئیسرائیل.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار