کۆمەڵ: داوای خوێندکاران بچوکە لەئاست ئەو هەموو گەندەڵییەی هەیە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی دەڵێت، پشتیوانی داوای خوێندکاران دەکەن کە داوای گەڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆ و خەرجکردنی دەرماڵە دەکەن، دەشڵێت، "ئەمە داوایەکی بچوکە لەچاو ئەو هەموو گەندەڵییەی کە لە کۆمەڵێک بواردا هەیە".

ئەمرۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2021، محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، "کۆمەڵی دادگەریی پشتیوانی داوای رەوای قوتابیان ‌و خوێندکاران دەکات، کە داوای گێڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆ و خەرجکردنی دەرماڵە و دابینکردنی خزمەتگوزایی بۆ بەشە ناوخۆییەکانیان دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "داواکارییەکانیان مافی رەوای خۆیانه ‌و ئەرکی حکومەتە کە جێبەجێی بکات، لەچاو ئەو ھەموو گەندەڵی‌ و نادادی ‌و بەھەدەردانی ماڵی گشتی لە کۆمەڵێک بواری پوچدا، کە زۆرێکی لە زەرەری گشتی ‌و سوودی کەسیدا خۆی دەبینێتەوە، داوایەکی بچووک ‌و سادەیە".

محەمەد حەکیم راشیگەیاندووە، "ئەگەر ئەم دەسەڵاتەش نیگەرانە لە کۆچی بەلێشاوی گەنج ‌و لاوی کوردستان، کە بووەتە لەکەیەک بەسەر حکومەتەوە لە وڵاتانی ئەورپا و دەرەوە، ئەوا با بەزوویی بەدەم داواکاریی رەوای قوتابیان ‌و خوێندکارانەوە بچێت".

باسی لەوەشکردووە، "ئێمە بە ھەموو شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابیان ‌و خوێندکاران ئیدانه‌ ده‌كه‌ین ‌و بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکان خزمەت بە داوا رەوای قوتابیان ناکات".

ماوەى سێ رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون، ئەمرۆش نارەزایەتیەکانیان توندوتیژی لێ کەوتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار