عەلی حمە ساڵح: قوباد تاڵەبانی بەڵێنیداوە ئەو کەسە دەستگیربکرێت کە شەقی لە خوێندکارەکەدا
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند، جێگری سەرۆکوەزیران "لە وەڵامی داواکاری مندا، پێی راگەیاندم: 'ئەو کەسەی بەشەق لە سەری خوێندکارەکە دەدات دەستگیردەکرێت و رامسپاردوون'."
لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆی خوێندکاران لە سلێمانی گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران دروستبوو، لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت کە کەسێک بە شەق لە سەری خۆپێشاندەرێک دەدات.
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە پۆستێکی فەیسبووکدا داوای بەداوداچوون و لێپێچینەوەی لەو کەسە کرد کە شەقی لە خوێندکارەکە داوە، و دوای چەند کاژێرێک رایگەیاند کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڵێنی داوە کە کەسەکە دەستگیربکەن.
هەر لەبارەی ئەو رووداوەوە هێزەکانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی کە لە کاتی خۆپێشاندانەکان رێگرییان لە خۆپێشاندەران دەکرد، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، ئەو کەسە سەر بە هێزەکانی ئەوان نییە و "ئهوه رهفتارى هێزى ئێمه نییه".
لەلایەکی دیکەوە پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تووندوتیژیی دژی خۆپێشاندەران رایگەیاند، "بەتووندی ئیدانەی هەر تووندوتیژییەک دەکەین. لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەی ئەو کەسانەی بەدەر لە هەر بنەمایەکی مافەکانی مرۆڤ و دوور لە هەر بڕیار و راسپاردن و دیسپلینێکی سەربازیی رووبەڕووی خۆپێشاندەر و هاووڵاتیانی مەدەنیی بوونەتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 23-11-2021 بۆ سێیەم رۆژی بە دوای یەک خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و خوێندکاران داوای دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندن دەکەن.
لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆ خوێندکاران ژمارەیەک رێگەی سەرەکییان داخست و هەوڵیاندا بەرەو ناو سەنتەری سلێمانی بڕۆن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئۆتۆمبێلی ئاوڕژێن هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن.
دواتر خۆپێشاندەران چوونە بەردەم مەڵبەندی یەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و چەند پەنجەرەیەکیان شکاند و یەکێک لە ژوورەکانی بەشی خوارەوەش سووتێنرا، بەڵام بەزوویی ئاگرەکە کۆنترڵکرا و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆش بەهۆی گرژییەکانەوە بەشێوەیەکی کاتی شەقامی سالم لە سلێمانی داخرا.
