خوێندنی باڵا: دەرماڵەی خوێندكاران 70 ملیار دیناری دەوێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هاوڵاتی: پشتیوانی خوێندكاران دەكەین بۆ دابینكردنی دەرماڵەكانیان
3 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
خۆپیشداندانەكانی خوێندكارانی سلێمانی بەردەوامە بۆ دابینكردنی دەرماڵەكانیان كە لەساڵی 2014وە بڕیاری حكومەتی هەرێم راگیراوە، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا پشتیوانی داواكاری خوێندكاران دەكات.
سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووپات دەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان داوای فەرمی لەئەنجومەنی وەزیران كردووە دەرماڵە بۆ خوێندكاران دابین بكات بۆ ئەمساڵیش بڕەكەی ئاشكرا دەكات كە پێویستیان بە 70 ملیار دینار دەبێت.
خۆپیشاندان و گردبوونەوەی خوێندكاران ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە بۆ دابینكردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی ساڵی 2021 بۆ 2022، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ سێشەمە خۆپیشاندانەكان گرژی تێكەوت و خوێندكاران چەندین شەقامی سەرەكی لەسلێمانی داخست و مەڵبەندی 1ی رێكخستنی یەكێتی ئاگری تێبەردرا.
دوێنێ سێشەممە گرژییەكان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خوێندكارانی خۆپیشاندەردا زیاتر پەرەی سەند و چەندین خوێندكار بریندار كران و لەلایەن چەند كەسێكی هێزە ئەمنییەكان بە»شەق» لێیان دراو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەی ڤیدیۆییەكەی بڵاوكراوەتەوە.
هاوكات، بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان بەشێك لەخۆپیشاندەران راوی دوو پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان دەنێن و دواتر گەمارۆیان دەدەن و لێیان دەدەن.
خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەڕێگەی بڵندگۆوە ئەو پەیامەیان لەسەرەتاوە راگەیاندووە كە خۆپیشاندانی مەدەنی دەكەن و هەركەسێك گرژی دروستكردووە خەڵكانی دیكە تێكەڵاویان بووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەڕێگەی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانییەوە دوێنێ سێشەممە 23ی تشرینی یەكەم نووسراو ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كراوە.
ئەندامێكی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەتەواوی پشتیوانی لەداوای خوێندكارانی زانكۆ دەكەن بۆ دابین كردنی دەرماڵەكانیان.
دكتۆرە ئیبتسام ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوێنێ سێشەممە وەكو ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ چووینە ناو خوێندكارانی زانكۆ وتمان گوێتان لێدەگرین و وتیان یەك داواكاریمان هەیە بۆ دابینكردنی دەرماڵەو ببنە نوێنەرمان، ئێمەش نووسراومان كردووە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی داواكارییەكەیان بۆ جێبەجێ بكرێت».
ناوبراو باسی لەوەشكرد لەساڵانی رابردووشدا وەكو زانكۆی سلێمانی داوایان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كردووە بۆ دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكاران، ئێستاش ئەوە دووپاتدەكەینەوە كە شایستە داراییەكانیان پێبدرێت و بە زووترین كات پێیان بدرێت تا دۆخەكە ئارام ببێتەوە.
دكتۆرە ئیبتسام ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو داواكارییانەی خوێندكاران مافێكی رەوای خۆیانە كە ئەرك لەسەر كەسوكاریشیان كەمدەكرێتەوە لەم دۆخەدا، وتیشی:»خوێندكاری زانكۆ تووێژێكی رۆشنبیری ئەم وڵاتەن پێیان راگەیەندراوە كە بەشێوەی مەدەنی داواكانتان بگەیەنن، بۆ خۆم وەك شایەتحاڵێك لەنێویاندا بووم بە بڵندگۆ داوایان دەكرد كە ئەوانەی رێ لەخەڵك دەگرن خوێندكاری زانكۆ نین».
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی پێشیوابوو كە دابینكردنی دەرماڵە لەتوانای حكومەتی هەرێمدایەو خوێندكاران نەوەی ئەم وڵاتەن، وتیشی:»پێویستە حكومەتی هەرێم خۆیان بەبەرپرس بزانن بەرانبەر بەخوێندكاران كە بەدابینكردنی مانگانەی 100 هەزار یان 60 هەزار دینار جوڵەیەكی خێراش دەكەوێتە بازاڕەوە كە بڕەكەی كەمەو خێرا خەرج دەكرێت و خزمەتی گشتی پێدەكرێت».
سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لەگەڵ داواكاری دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكارانن و بۆ ئەمساڵیش بڕی 70 ملیار دیناریان پێویستە.
دكتۆر توانا نەجەف، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتیوت:» سەد لەسەد ئەمە ئیشی ئێمەیە و داوای بكەین، ئێمە ساڵانە لەپرۆژەی بودجەدا دەرماڵەی خوێندكاران دادەنێین، لیژنەمان هەیەو لەوێ جێگیری دەكەین، كە دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران لەوێ كۆمەڵێك شت لادەبرێت، بۆ نموونە پێشتر بۆ ساڵی رابردوو داوامان كرد كە 35 ملیار دینار تەرخان بكرێت بۆ دەرماڵە قبوڵ نەكرا بەهۆی بارودۆخی داراییەوە».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خوێندكارانەوە بۆ ساڵی 2021 بۆ 2022 بۆ دەرماڵەی خوێندكاران پێویستیان بە 70 ملیار دینارە.
توانا نەجەف باسی لەوەشكرد لەبەرواری 1ی ئەیلولی ئەمساڵ بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بەشێك لەداهاتی وەزارەت، بۆ نموونە دیوانی وەزارەت دەتوانێت بەڕێژەی لەسەدا 45% ئەو داهاتەی هەمانە بۆ پێداویستییەكانی قرتاسییەو سووتەمەنی و كەلوپەل و ئامێر، بەڵام بۆ سەرجەم زانكۆكان لەسەدا 70% داهاتەكەیان بۆ دەگەڕێتەوە ئەوەش نووسراوە بۆچی خەرج بكرێت كە بۆ پاككردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان و سووتەمەنی پێداویستییەكانی زانكۆكان خەرج دەكرێتەوە.
سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوەشكردەوە كە هیچ ساڵێك داهاتی هەموو وەزارەتەكەیان نەگەیشتووەتە 70 ملیار دینار بەهەموو زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە تا بوترێت لەداهاتی وەزارەت دەرماڵە بۆ خوێندكاران دابین بكرێت، وتیشی:» بەهیچ شێوەیەك داهاتی وەزارەت تەخزییەی ئەوە ناكات بۆ دەرماڵە تەرخان بكرێت».
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم پێكەوەو هاوتا ئەو پرسە لەئەنجومەنی وەزیران تاووتوێ دەكەن تا حكومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر بدات.
ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» دەرماڵەی خوێندكاران ئەوەندە زۆر نییە تا بارگرانی گەورە لەسەر حكومەتی هەرێم دابنێت».
موسلیم عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە لەگەڵ ئەوەداین حكومەتی هەرێم كێشەی خوێندكاران چارەسەر بكات و دەرماڵەیان بۆ بگەڕێنێتەوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی لەئەنجومەنی وەزیران لەساڵی 2014 وە راگیراوە، چونكە ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باشتر بووەو نرخی نەوت بەرزبووەتەوەو داهاتەكان زیادیان كردووە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد لەڕێگەی 37 پەرلەمانتارەوە یاداشتیان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان تا بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری خوێندنی باڵاو وەزیری دارایی گفتوگۆ لەوبارەیەوە بكەن و بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران و قوتابیان بدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو كە حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەڕێگەی داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بەشێك لەدەرماڵەكان بۆ خوێندكاران دابین بكات و ئەوی تری حكومەتی هەرێم دابینی بكات تا پرۆسەی خوێندن بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەبچێت.