40 کۆچبەرەکەی لیبیا گەیەندرانەوە هەرێم

4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
دوای نزیکەی دوو مانگ لەگیرخواردنیان بەهۆی بەهەڵە رۆشتنیان بۆ کەناراوەکانی لیبیا، ئەمڕۆ هەینی 40 کۆچبەری کورد لەلیبیاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان کە دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بەهاوکاری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تێچووی گەڕانەوە و رێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەنجامداون.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە هاوڵاتی وت:" ئەو کۆچبەرانە لەکاتی گەشتکردنیان لەرێگەی یەختەوە بۆ ئیتاڵیا بەهۆی تێکچوونی یەختەکەیان و شەپۆلی دەریاوە لە کەناراوەکانی لیبیا گیرساونەتەوە، لەو وڵاتەش لەلایەن هێزەکانی خەلیفە ئەفتەرەوە دەستبەسەرکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای زیاتر لە مانگێک و 15 رۆژ دەستبەسەرکردنیان لەلیبیا، دەزگای لوتکە بەهاوکاری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم توانیویەتی سەرجەم رێکارەکانی گەڕانەوەیان تەواو بکات و لەبەنغازییەوە بیانگەڕێنێتەوە بۆ قاهیرە و لەوێشەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
