دیندار زێباری: هێزە ئەمنیەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران تەنیا بە ئەرکی خۆیان هەڵساون

4 ساڵ لەمەوپێش



 

  هاوڵاتی

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستاون كە بریتییە لەپاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەكان.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا رایگەیاند: " لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە بەناوی یاسای (ڕێكخستنی خۆپیشاندان) ژمارە 11ی ساڵی‌ 2010، بەپێی‌ ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێكی‌ یاسایی‌ و دەستورییە، هەر خۆپیشاندانێك لە هەرێمی‌ كوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەكانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەركی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵكی گشتی ئەستۆ دەگرن لە كاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان".

دیندار زێباری وتیشی: "لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستاون كە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەكان و پشتیوانیكردن لە داوا رەواكانیان بەشێوەیەكی مەدەنی، لەلایەكی دیكەوە زانكۆ و دامەزراوە فەرمییەكان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەكەن و داوا دەكەن كە خۆپیشاندەران بەشێوەیەكی ئاشتیانە گوزارشت لە داواكانیان بكەن و هیچ لایەك پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی".

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد: "بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەكان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكان زیان بەر بەشێك لە ماڵ و موڵكی گشتی و بارەگای حزبەكان كەوتووە و هەندێك شوێن سوتاوە، لە هەمان كاتدا لیژنەی بەدواداچون پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە و ئەو كەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە دەستگیر كراوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار